رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی تورکیا هێڵی گەرمی فریاکەوتنی بەپەلەی ژنان بە 6 زمان کارا کرد، بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەو ژنانەی رووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە، بەڵام خزمەتگوزارییەکە بە زمانی کوردی بەردەست نییە.
فەرامۆشکردنی زمانی کوردی لە خزمەتگوزارییە نوێیەکەی پۆلیس، کە دوای زمانی تورکی، زۆرترین کەس لەو وڵاتە قسەی پێدەکەن، کاردانەوەی لایەنە سیاسییەکان، نووسەر، هونەرمەند و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای لێکەوتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی تورکیا بە بۆنەی 8ی مارس، رۆژی جیهانیی ژنان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ئاشکرای کرد لەمەودوا خزمەتگوزارییەکانیان بە زمانەکانی تورکی، عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، رووسی و فەرەنسی پێشکەش ئەو ژنانە دەکەن، کە لە تورکیا رووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە و پێویستییان بە هاوکاری دەبێت. بەڵام بڵاوکردنەوەی ئەو تویتە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
مەرال دانش بێشتاش، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا لە تویتێکدا نووسیویەتی: "کوردی نییە کە لە تورکیا دووەمین زمانە زۆرترین کەس قسەی پێدەکات؟ جیاکاری و جەمسەرگیری لە زمانەوە دەستپێدەکات! پۆلیس بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانی کورد داخراوە؟".
ئەو کارەی پۆلیس تورکزمانەکانیشی هێنایە قسە. ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە لە رێگەی تویتێکەوە ناڕەزایی خۆی دەربڕی و نووسی: "لەسەر ئەم خاکەدا بانگ و هاوار لە دژی تووندوتیژی بە زمانی کوردیش بەرزدەبنەوە!"
هەروەها مستەفا یەنەرئۆغڵو، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی دەڤا لە تویتێکدا نووسیویەتی: "جێگەنەدان بە زمانی کوردی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەو ژنانەی لە ژێر مەترسیدان، نکۆڵیکردن و جیاکارییە لە بەرامبەر ملیۆنەها کەس، لە هەمانکاتدا رەفتارێکی ئاڵۆزە، تکایە کەمێک رێز لە کۆمەڵگا بگرن، شەرمە".
سەزگین تانریکوڵو پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە لە بازنەی ئیستەنبووڵ لە تویتێکدا دەپرسێت "بۆچی کوردی نییە؟ کورد هاووڵاتی ئەم کۆمارە و کوردی زمانی ئەم جوگرافیایە نییە؟".
لە تورکیا و باکووری کوردستان زیاتر لە 20 ملیۆن کورد دەژین. لە دوای زمانی تورکی، زمانی کوردی دووەمین زمانە، کە زۆرترین کەس لەو وڵاتەدا قسەی پێدەکات.
نووسەری کورد ئیلهامی ئیشق لە تویتێکدا نووسیویەتی: "لەم وڵاتەدا کورد ناژین. یان لەو وڵاتە ژنی کورد نین" ئیشک وێنەی ژنێکی کوردی لەگەڵ تویتەکە بڵاوکردووەتەوە کە لە ئاگری کوژراوە و نووسیویەتی: "تورکی نەدەزانی، بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا".
ئەو پشتگوێخستنەی زمانی کوردی لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە لە کاتێکدایە کە کوشتنی ژنان لە تورکیا رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە. بەپێی داتاکانی 'پلاتفۆرمی تاوانەکانی کوشتنی ژنان رابگرن' ساڵی رابردوو 300 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و 171 ژن بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە. 60%ی ئەو ژنانە لە ماڵەکانی خۆیاندا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ