رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشکردنە سەر خاڵێکی پۆلیس لە ناوچەی بێشیکتاشی ئیستەنبووڵ، ئۆپەراسیۆن لە 34 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان دژی رێکخراوی داعش کرا و 198 گومانلێکراو دەستگیرکران.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا شەوی رابردوو، 8ـی نیسانی 2026، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە، لەدوای هێرشەکەی رۆژی سێشەممەی نزیک کۆنسووڵخانەی ئیسرائیل لە ئیستەنبووڵ، ئۆپەراسیۆنەکان دەستیانپێکردوە.
گورلەک رایگەیاند، لە دوای هێرشە چەکدارییەکەی سێ ئەندامی داعش بۆ سەر خاڵێکی پۆلیس لە ناوچەی بێشیکتاش، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان دژی داعش دەستپێکردووە.
گورلەک رایگەیاند، لەو ئۆپەراسیۆنانەی لە 34 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەچوون، رێکاری یاسایی بەرامبەر 273 گومانلێکراو گیراوەتەبەر و 198 کەسیان دەستگیرکراون.
ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، ئامەد، رووها، ئێلیهـ، مێردین، وان، خارپێت، ئەرزەڕۆم، ئەرزینجان، مەڕەش، سێواز، دیلۆک، ئەدەنە و چەند پارێزگایەکی دیکە بەڕێوەچوو.
رۆژی سێشەممە، 7-4-2026 لە ناوچەی بێشیکتاشی ئیستەنبووڵ لەبەردەم باڵەخانەی کۆنسووڵخانەی ئیسرائیل، هێرشێکی چەکداری لەلایەن سێ کەسەوە کرایە سەر پۆلیس. پارێزگاری ئەستەنبووڵ، داود گوڵ رایگەیاند کە گومانلێکراوێک کوژراوە و دوو گومانلێکراوی دیکەش بە برینداری دەستگیرکراون. لە هێرشەکەدا دوو پۆلیسی تورکیا بریندار ببوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ