ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی تورکیا بڵاوکرایەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رەسەن رەمزی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوایین راپۆرتی لێکۆڵینەوە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازی سی-130ی تورکیا لەسەر سنووری جۆرجیا و ئازەربایجان بڵاوکرایەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، هیچ شوێنەواری مادەی تەقینەوە لە رووداوەکە نەدۆزراوەتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەنجامی لێکۆلینەوەکانی لە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فرۆکەیەکی سەربازی لەسەرسنووری نێوان ئازەربایجان و جۆرجیا بڵاوکردەوە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "لەکاتی پشکنینی تۆماری داتاکانی فڕین، دەرکەوت کە هەموو شتێک بە شێوەیەکی ئاسایی دەردەکەوێت لە تۆماری داتا دیجیتاڵییەکان، گفتوگۆی نێوان فرۆکەوانەکان، و سیستەمی فرۆکەکە تاوەکو ساتەوەختی رووداوەکە؛ هیچ تێکچوونێک دەستنیشان نەکراوە و رووداوەکە لەناکاو روویداوە."
 
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان، شکان و جیابوونەوەی بەشێک لە کلکی فڕۆکەکە بووەتە هۆی چرانی کێبڵەکانی کارەبا و تۆمارکەری داتای فڕین، بۆیە هیچ زانیارییەکی زیادە کە رۆشنایی بخاتە سەر رووداوەکە، لەسەر تۆمارکەرەکە نەدۆزراوەتەوە.
 
هەروەها وەزارەتی بەرگریی نیشتمانی تورکیا رایگەیاندووە ئەنجامی پشکنین لە نموونەکانی پاشماوەی فڕۆکە تێکشکاوەکە هیچ شوێنەواری مادەی تەقینەوەیان دەرنەخستووە، نە لە ناوەوە و نە لە دەرەوە. 
 
رۆژی 11-11-2025 فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازیی لە جۆری سی-130کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی تورکیا بوو لە کاتی گەڕانەوەی لە ئازەربایجان، لەسەر سنووری نێوان ئازەربایجان و جۆرجیا کەوتە خراوەوە، لە رووداوەکەدا 20 کارمەندی سەربازی، کە لەنێو فڕۆکەکەدا بوون، گیانیان لەدەستدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە