داوودئۆغڵو: تاکە رێگە داماڵینی وڵاتە لە زێدەڕۆیی، گەندەڵی و سوو
رووداو دیجیتاڵ
لە پرۆگرامێکی تایبەت لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا، سەرۆکی پارتی ئاییندە رایگەیاند، تورکیا رەمەزانێکی سەخت تێدەپەڕێنێت و تاکە رێگە بۆ رزگاربوون داماڵینی تورکیایە لە زێدەڕۆیی، گەندەڵی و سوو.
ئەحمەد داوودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە ئێوارەی یەکشەممە 09-03-2025 لە پرۆگرامێکی تایبەتدا لەگەڵ ژمارەیەک لە کاسبکاران و خەڵکی ئیزمیر کۆبووەوە و گوتارێکی پێشکێش کردن.
لە بەشێکی گوتارەکەیدا داوودئۆغڵو جەختی لەسەر دۆخی دارایی خەڵک کردەوە و باسی بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و نەبوونی دادپەروەریی کرد، نموونەیشی بە دوو شوێنی جیاواز هێنایەوە.
داوودئۆغڵو رایگەیاند، خەرجیی مانگانەی ماڵباتێکی چوار کەسی، 23,500 لیرەیە کە دەکاتە نزیکەی 640 دۆلار، هەروەها خواردنی بەربانگ لە هۆتێلی گرانبەهای ئیستەنبووڵ بۆ ئەو ماڵباتە چوار کەسییە 24 هەزار لیرەیە، کە دەکاتە نزیکەی 650 دۆلار.
هەر لەو بارەیەوە سەرۆکی پارتی ئاییندە گوتی، "لە تورکیا چینێک لە خۆشگوزەرانیدا دەژین و چینێکی بەرفراوانیش لە هەژارییەکی سەختدا دەژین. رەمەزانێکی سەخت بەڕێدەکەین. تاکە رێگە بۆ تێپەڕاندنی ئەم سەختییە ئەوەیە وڵات لە زێدەڕۆیی، گەندەڵی و سوو دابماڵین."
رۆژی 28-02-2025 دامەزراوەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، خەرجیی مانگێکی ماڵباتێکی 4 کەسی، 23,324 لیرەیە، کە بەگوێرەی نرخی ئەمڕۆ (10-03-2025) دەکاتە 639 دۆلار.