سەرۆکی فیفا درێسێکی تۆپی پێ دەبەخشێتە رەجەب تەیب ئەردۆغان
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە شاری ئیستەنبووڵ لەگەڵ جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) کۆبووەوە.
رۆژی هەینی 10ـی نیسانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە نووسینگەی دۆڵمەباخچە لە ئیستەنبووڵ، پێشوازی لە جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ئینفانتینۆ وەک نیشانەی رێز و هاوئاهەنگی، درێسێکی تۆپی پێی بە ژمارە 26 کە ناوی (ئەردۆغان)ـی لەسەر نووسرابوو، پێشکێشی سەرۆککۆماری تورکیا کرد.
ئینفانتینۆ هەروەها کۆپییەکی جامی جیهانی و ئەو تۆپەی کە یارییەکانی جامی جیهانیی پێکرابوو، وەک دیاری دایە ئەردۆغان.
عوسمان ئاشکین باک، وەزیری وەرزش و گەنجانی تورکیا؛ ئاکیف چاغاتای کلچ، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆمار بۆ سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش؛ ئیبراهیم حاجی عوسمانئۆغڵو، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون.
هەڵبژاردەی تۆپی پێی تورکیا، لە یاریی کۆتایی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەورووپا بۆ جامی جیهانیی 2026، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 1-0 لە کۆسۆڤۆی بردەوە. بەمەش دوای 24 ساڵ، مافی بەشداریکردنی لە جامی جیهانیدا بەدەستهێنا.