رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت: " لە قۆناخێکی مێژووییداین و کاتی ئەوە هاتووە دەست بە هەنگاوی یاسایی بکرێ".
رۆژی 9-4-2026 لە کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی ئاکپارتی بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان لە ئەنقەرە پرسە سەرەکییەکانی تایبەت بە سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی تورکیا تاوتوێ کران. قۆناخی نوێی پرۆسەی چارەسەری کە بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناسراوە، یەکێک بوو لە تەوەری سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە.
ئەردۆغان لە هەڵسەنگاندنی قۆناخی ئێستای پرۆسەی چارەسەری، پرۆسەکەی بە "دەرفەتێکی مێژوویی" ناوبرد و گوتی: "دەرفەتێکی مێژووییە. ئێستا کاتی ئەوەیە بۆ پرۆسەی یاسایی بڵێین بەناوی خودا".
ئەم لێدوانەی ئەردۆغان وەک ئاماژەیەک لێکدرایەوە بۆ دەستپێکردنی هەنگاوی یاسایی پرۆسەکە کە دیاریکردنی چارەنووسی گەریلاکان، تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگە، یەکلاییکردنەوەی رەوشی زیندانییانی پەکەکە و چەندین پرسی دیکەی یاسایی لەخۆدەگرێ.
پرۆسەی چارەسەری لە تشرینی یەکەمی 2024 بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستی پێکرد.
دوای ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە 27ی شوباتی 2025دا لە بانگەوازیکدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دانانی چەکی کرد، پەکەکەش بە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، زنجیرەیەک هەنگاوی هاویشت.
رۆژی 12ی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. لە 11ـی تەممووزدا، گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە چەکیان سووتاند.
لە 5ی ئابی 2025 پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی پێکهێنا بۆ ئامادەکردنی زەوینەی هەنگاوی یاسایی و سیاسی لە پرۆسەی چارەسەری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ