باخچەلی داوای هاوپەیمانێتیی تورکیا، رووسیا و چین دەکات
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەیەکی رووسیا دەڵێ، لەسەر راسپاردەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە چووە رووسیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هاوپەیمانێتیی تورکیا، رووسیا و چین.
ئیلیاس تۆپسەکاڵ، جێگری سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند: "لە مانگی ئاداری ئەم ساڵ، باخچەلی ئەرکێکی پێ سپاردم، رەوانەی مۆسکۆ کرام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنی سیاسی و دەسەڵاتدارانی دەوڵەت لە رووسیا لەسەر هاوپەیمانێتیی پێشنیازکراو لەنێوان تورکیا-رووسیا-چین دژی 'هاوپەیمانیی خراپەکاری ئەمریکا و ئیسرائیل".
تۆپسەکاڵ ئاماژەی بەوەشکرد، مەرجی نافەرمی مەهەپە بۆ پاراستنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) پێش هەڵبژاردنەکانی 2028 "پۆستی وەزاری نییە، بەڵکو پەسندکردنی پرۆگرامێکە بۆ هاوئاهەنگی و هاوپەیمانێتی تورکیا لەگەڵ رووسیا و چین".
تۆپسەکاڵ ئەو دەستپێشخەرییەی بە دروستکردنی هاوئاهەنگی لەنێوان رێکخراوە هاوبەشەکانی نێوان رووسیا، تورکیا و چین ناوبرد، لەوانە کۆمۆنوێڵسی دەوڵەتانی سەربەخۆ (CIS)، رێکخراوی هاوکاریی شانگەهای، رێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ و رێکخراوی دەوڵەتانی تورک -پاڵپشتیکراوی تورکیا کە وڵاتانی (تورکیا، ئازەربایجان، کازاخستان، قیرگزستان و ئۆزبەکستان) لەخۆدەگرێت.
تۆپسەکاڵ ئاماژە بەوە دەکات، هێزی ئابووریی یەکگرتووی ئەم وڵاتانە نزیکەی 20%ی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی جیهانی پێکدەهێنێت.
تۆپسەکاڵ رایگەیاند، مەهەپە ئێستا کار بۆ "هاوئاهەنگی جیهانی رووسیا و جیهانی تورک" دەکات لە سەرانسەری جوگرافیای سۆڤیەتی پێشوو.
باخچەلی لە ئەیلولی 2025یش داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ستراتیژی لەنێوان تورکیا و رووسیا و چین کرد دژی ئەو هاوپەیمانێتییەی کە بە 'هاوپەیمانیی خراپەکاری ئەمریکا و ئیسرائیل' ناوی برد.