فاتیح ئەربەکان: دابەشبوونی سووریا دابەشبوونی ئێران و تورکیای بەدوادا دێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ رایگەیاند، پێویستە پارێزگاری لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەکێتییەکەی بکرێت، "دابەشبوونی سووریا، دابەشبوونی ئێران و تورکیای بەدوادا دێت".
 
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، رۆژی سێشەممە 10-12-2024 سەردانی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە پارێزگای کۆجائەلی کرد و گوتارێکی پێشکێشکرد.
 
ئەربەکان سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی سووریا گوتی: "دڵخۆشین بە رووخانی رژێمی سووریا، بەڵام نیگەرانیشمان هەن. هەر چۆنێک بێت پێویستە پارێزگاری لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەکێتییەکەی بکرێت. دابەشبوونی سووریا، دابەشبوونی ئێران و تورکیای بەدوادا دێت".
 
ئەربەکان هەروەها باسی لەوە کرد کە لە دوای 24 ساڵ بەشار ئەسەد رووخا و گوتی: "ئایا رژێمێکی داردەستی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل دێتە سەر حوکم؟ یانیش رژێمێکی سەربەخۆی موسڵمان و داکۆکیکار لە مافی هاووڵاتیانی سووریا دێتە سەر حوکم؟ هاوشێوەی ئەم رووداوانە لە عێراقیش روویاندا. نیگەرانین لەوەی هەمان رووداو لە سووریا دووبارە ببێتەوە. لەم قۆناخەدا ویستی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەوەیە هاوشێوەی عێراق، سووریاش دابەش بکەن و لەوێ دەوڵەتێکی تیرۆر دروستبکەن".
 
ئەربەکان سەبارەت بە پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل لە سووریا گوتی: "ئیسرائیل ناوچەکانی گۆلانی بە تەواوەتی داگیرکردووە. بەمەش ئێستا دەتوانێت لەوێوە بۆردوومانی بەیرووت و شامیش بکات. ئەوان یەکپارچەیی و حکومەتی ناوەندییان لە سووریا ناوێت. ئەمەش ئاسانکاری دەکات تاوەکو هیواکانی رژێمی زایۆنی بێنەدی. پێویستە بەرامبەر ئەم پیلانانە وریا بین. ئەگەر سووریاش هاوشێوەی عێراق دابەش ببێت، ئەوکات ئێران و تورکیاش دابەش دەکرێن. مامۆستا ئەربەکان [نەجمەدین ئەربەکان] دەیگوت، (ئەگەر رۆژێک بچنە نێو سووریا، تێبگەن کە ئامانج تورکیایە)".
 
فاتیح ئەربەکان، دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهە کە پارتێکی ئیسلامییە و ساڵی 2018 دامەزراوە. 
 
فاتیح، کوڕی نەجمەدین ئەربەکان دامەزرێنەری پارتی رەفاهە. 
 
نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا بوو، لە ساڵانی نێوان 1996-1997 بە کودەتایەکی سەربازیی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنرا. ناوی سەرلەنوێ رەفاهـ لە پارتی رەفاهی نەجمەدین ئەربەکانەوە وەرگیراوە. سەرلەنوێ رەفاهـ لە پارتی سەعادەت جیابووەتەوە.