رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند، بۆ گەیشتن بە تورکیایەکی "بێ تیرۆر" ئامادەن دەست بە کارکردن بۆ دەرکردنی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بکەن.
فەتی یڵدز، یاریدەدەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، ئێوارەی رۆژی شەممە 11ـی نیسانی 2026، لە پەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردەوە، تیشکی خستە سەر هەنگاوە نوێیەکانی پەیوەست بە پرسی کورد و پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا.
یڵدز لە پەیامەکەیدا کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی وەک مەرجی سەرکەوتنی پرۆسەکە باسکرد، لەوانە: "دادگاییکردنی دادپەروەرانە، گریمانەی بێتاوانی، مافی لەکەدارنەبوون، دادوەریی سەربەخۆ و بێلایەن، و سوودمەندبوونی گومانلێکراو لە گومان." هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە نابێت هیچ لایەنێک کاریگەریی لەسەر لێکۆڵینەوە و رێڕەوی دادگاییکردنەکان هەبێت.
یاریدەدەرەکەی باخچەلی ئاماژەی بە گرنگیی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کرد و رایگەیاند، ئەم کۆمیسیۆنە نموونەیەکە کە هێزی نوێنەرایەتیی پەرلەمان و توانای چارەسەریی سیاسی لە یەک زەمینەدا کۆدەکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا، فەتی یڵدز دەڵێت: "بۆ تورکیایەکی بێ تێرۆر، دەتوانین دەست بە ئامادەکردن و دەرکردنی یاسا بکەین. پێویستە بە هێمنی بیربکەینەوە و نەکەوینە هیچ داوێکەوە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە داوای کرد کە لەم قۆناخەدا گرنگی بە "رێکارەکان" بدرێت پێش ناوەرۆک، و جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە ئەو زمانەی لەم پرۆسەیەدا بەکاردێت، زمانێکی دەوڵەمەند و بنیاتنەر بێت.
لە یەکی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکرد.
باخچەلی لە لێدوانێکیدا لە تشرینی یەکەمی 2024دا داوای چەکدانانی پەکەکە و پێدانی "مافی هیوا"ـی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد.
دوای ئەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 ـدا بانگەوازێکی ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکە و دانانی چەکی کرد.
پەکەکەش بە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، زنجیرەیەک هەنگاوی نا.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. لە 11ـی تەممووزدا، گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە چەکیان دانا.
پەکەکە لە 26ـی تشرینی یەکەمدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆسەکەدا دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی لە تورکیا کردووە و ئەم بڕیارەش بە شێوەیەکی تاکلایەنە دراوە. رێکخراوەکە لە 16ـی تشرینی دووەمیشدا رایگەیاند، بەهۆی "مەترسیی پێکدادان" ـەوە لە ناوچەی زاپ ـی هەرێمی کوردستان کشاوەتەوە.
لەگەڵ راگەیاندنی بێدەنگکردنی چەکەکان، لە پەرلەمانی تورکیا "کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" پێکهێندرا و لە پێنجی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد.
ئێستا چاوەکان لەسەر پەرلەمانی تورکیایە بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر راپۆرتی هاوبەشی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کە پێشنیازی لایەنە سیاسییەکانی تورکیا سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لەخۆدەگرێ، هاوکات وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ قۆناخی داهاتوو سەیر دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ