داودئۆغڵو: داوای رێپێدان لە میسر دەکەم و ئامادەم بە پێی خاوسی بڕۆمە غەززە
رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاند، خۆی و هاوژینەکەی پلانیان وایە بە پێ بڕۆنە غەززە و بۆ ئەو مەبەستەش داواکاری ئاراستەی حکومەتی میسر دەکەن.
کۆبوونەوەی فراکسیۆنی یەنی یۆڵ کە پارتەکانی ئایندە، سەعادەت و دەڤا لەخۆدەگرێت، ئێوارەی چوارشەممە 11-6-2025 لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو.
ئەحمەد داودئۆغڵو لە بەشێکی گوتارەکەیدا جەختی لەسەر بابەتی غەززە و گەمارۆی سەر ناوچەکە کردەوە و گوتی: "بە ئامانجی هاوپشتی و هاوبەشیکردنی چارەنووسی خەڵکی غەززە، بڕیارمدا لەگەڵ هاوژینەکەم داواکاریی رێگەپێدان بۆ تێپەڕینمان بۆ خاکی غەززە، ئاراستەی حکومەتی میسر بکەم. ئێمە لە ناخەوە و بەڕاستی هەستدەکەین و دەزانین خەڵکی غەززە لە چ دۆخێکدان".
داودئۆغڵو، کە پێشتر پۆستەکانی وەزیری دەرەوە و سەرۆکوەزیرانی تورکیاشی هەبووە، گوتی: "ئەگەر مەترسیی ئەمنی هەیە، من وەک خۆم دەیگرمە ئەستۆ. داوای فەراهەمکردنی ئاسایش ناکەم. ئامادەم بۆ ئەوەی بە پێی خاوسی رێگە ببڕم. هەرکە رێپێدانەکە کرا، راستەوخۆ دەکەوینە رێ".
سەرۆکی پارتی ئایندە کارمەندانەی کەشتیی 'مادلین'ـی بە قارەمان ناوبرد، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون. هاوکات باسی لە بوونی هاوپشتییەکی زۆری وڵاتان لە گەلی فەلەستین کرد.
رۆژی یەکی حوزەیرانی 2025 گرووپێک چالاکڤان بە کەشتییەکەوە بەناوی 'مادلین' لە ئیتاڵیاوە بەڕێکەوتبوون و خۆراک و پێداویستییان بۆ کەرتی غەززە هەڵگرتبوو.
هێزەکانی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە لە سنوورە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا دەستیان بەسەر کەشتییەکەدا گرت و گواستیانەوە بۆ بەندەری ئوسدود.
ساڵی 2010، هێرشێکی کۆماندۆکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەشتیی تورکی 'ماڤی مەڕمەڕە'، کە بەشێک بوو لە هەوڵێکی هاوشێوە بۆ شکاندنی گەمارۆی دەریایی سەر کەرتی غەززە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 10 کەسی سڤیل.
رۆژی یەکشەممە، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، گەمارۆکە بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی چەک بە غەززە، پێویستە.