رووداو دیجیتاڵ
لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا، داهاتی تورکیا لە هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی کاڵا یەک ملیار و 550 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە. بەریتانیا لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێت کە زۆرترین بارهەڵگریان لە تورکیاوە کڕیوە.
بەپێی نوێترین داتاکانی کۆمەڵەی هەناردەکارانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە تورکیا، لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا کۆی هەناردەی کەرتی ئۆتۆمبێل گەیشتووەتە 9 ملیار و 895 ملیۆن و 175 هەزار دۆلار.
لەو بڕە پارەیە، یەک ملیار و 550 ملیۆن و 627 هەزار دۆلاری تەنیا لە هەناردەکردنی "ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی کاڵا" بووە، کە ئۆتۆمبێلی بازرگانیی سووک، ڤان و بارهەڵگرە گەورەکان دەگرێتەوە. ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە 15.7%ـی کۆی هەناردەی کەرتی ئۆتۆمبێلی تورکیا پێکدەهێنن.
هەناردەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و بازرگانیی تورکیا گەیشتووەتە بازاڕی 67 وڵاتی جیهان. بەریتانیا لە سەرووی لیستی ئەو وڵاتانە دێت کە زۆرترین کڕیاری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری تورکین.
هەناردە بۆ بەریتانیا بەراورد بە سێ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو (2025)، 14% زیادی کردووە و لە 259 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 296 ملیۆن و 18 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.
فەرەنسا پلەی دووەمی گرتووە و گەشەیەکی بەرچاوی لە هاوردەکردنی بارهەڵگری تورکی تۆمارکردووە. رێژەی هەناردە بۆ ئەو وڵاتە 82.7% زیادی کردووە، لە 120 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 220 ملیۆن و 286 هەزار دۆلار پەسەری کردووە.
ئەڵمانیا لە پلەی سێیەم دێت، بەڵام بەراورد بە پار هەناردە بۆ ئەو وڵاتە بە رێژەی 6.5% کەمی کردووە و داهاتەکەی 215 ملیۆن و 291 هەزار دۆلار بووە.
لەنێو ئەو 10 وڵاتەی کە زۆرترین ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی کاڵایان لە تورکیاوە کڕیوە، 8 وڵاتیان ئەندامی یەکێتیی ئەورووپان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ