رووداو دیجیتاڵ
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، بەشێک لە پەرلەمانتارانی بەڕێزی دەم پارتی ژیرانە گفتوگۆی پرۆسەکە دەکەن، بەڵام چەند کەسێکیان ئاکپارتی تۆمەتبار دەکەن و ئەردۆغان و باخچەلی دەکەنە ئامانج.
لەدوای کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی پارتەکە کە رۆژی دووشەممە 13-4-2026 لە ئەنقەرە بەرێوەچوو، عومەر چەلیک گوتەبێژی ئاکپارتی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی سازکرد و وەڵامی پرسیارێکی لەبارەی رەخنەکانی دەم پارتی لە پرسی پرۆسەی چارەسەری دایەوە.
گوتەبێژی ئاکپارتی ئاماژەی بە هەندێک لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی کرد و گوتی، زۆر ژیرانە و ئەرێنییانە قسە لەسەر پرۆسەکە دەکەن، بەڵام چەند کەسێکیان شێوازێکی هەڵە بەکاردەهێنن.
چەلیک شێوازی رەخنەگرتنی ئەو پەرلەمانتارانەی دەم پارتیی بە هەڵە وەسفکرد و گوتی:"ئەوان شێوازێک پەیڕەو دەکەن کە سەرەتا وا نیشان دەدەن پشتیوانیی پرۆسەکەن و لەگەڵ چارەسەرن، بەڵام دواتر دەردەکەوێ کە دژایەتیی پرۆسەکە دەکەن، بەڵام راستەوخۆ ئەمە ناڵێن. ناو بەناو قسەی نابەجێ بە بەڕێز سەرۆککۆمار و دەوڵەت باخچەلیش دەڵێن کە ئێمە وەڵاممان داوەتەوە. ئەوان سەرەتا دەڵێن (ئێمە لەگەڵ ئاشتی، چارەسەری و دیموکراسین! بەڵام گرنگ گوتنی ئەم رستانە نییە، چونکە زۆر پارتی سیاسی لە ئەورووپا هەن کە ناوەکانیان ئازادی و دیموکراسییە، بەڵام کرداریان جۆرێکی دیکەیە".
گوتەبێژی ئاکپارتی هەروەها گوتی: "ئەوەی ئێستا سەرنجە، هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی تەواوەتیی رێکخراوی تیرۆرستیی پەکەکەیە. لەنێوبردنی پێکهاتە بە روواڵەت یاساییەکانی ئەورووپا و پێکهاتە نایاساییەکانیەتی. لەمبارەیەوە میکانیزمێکی پشتڕاستکردنەوە لە پەرلەمان هەیە. جا زۆر سەیرە هیچیەک لەو پەرلەمانتارانەی دەم پارتی کە رەخنە دەگرن، رستەی (دەبێ پەکەکە چەک دابنێ) لە دەمیان دەرنەچووە. لەکاتێکدا بەردەوام ئەرک بە دەسەڵات و دەوڵەت دەدەن".
گوتەبێژی ئاکپارتی هەروەها بە پێویستی زانی هەرلایەن و کەسێک لەوکاتەی باسی پرۆسەکە دەکەن، پێویستە زۆر ژیرانە بۆچوونەکانیان دەرببڕن و گوتی: "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆر ستراتیجژی دەوڵەتە. ئەگەر تیرۆر لە رۆژەڤی تورکیا و ناوچەکە بچێتە دەرەوە، بۆ وڵاتەکەمان و وڵاتانی دراوسێش زۆر گرنگە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ