بولەنت ئارنچ: سەردانی ئۆجەلان دەکەم


رووداو دیجیتاڵ

بولەنت ئارنچ، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، ئەگەری هەیە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ئیمراڵی کۆببێتەوە.
 
ئارنچ ئەمڕۆ دووشەممە 13 ـی تشرینی یەکەمی 2025  لە روونکردنەوەیەکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو پێشنیازەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەربڕی، کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە حەوتی تشرینی یەکەم  کردی بۆ ئەوەی گرووپێک لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری سەردانی ئیمڕاڵی بکەن.
 
ئارنچ سەبارەت بە کۆمیسیۆنەکە گوتی: "ئەگەر بیەوێت پرۆسەکە بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوەببات، پێویستە راستەوخۆ لە ئیمڕاڵی گوێ لە ئۆجەلان بگرێت." گوتیشی: "ئەگەر کەس خۆبەخش نەبێت، دەچم بۆ ئیمڕاڵی و چاوم بە ئۆجەلان دەکەوێت."
 
بولەنت ئارنچ، لە روونکردنەوەکەیدا گوتی: "بەبێ قسەکردن لەگەڵ کەسایەتییەک کە تاوەکو ئەمڕۆش کاریگەریی کردەیی لەسەر پەکەکە بەردەوامە، تەنیا بە ئاماژەکردنی ناڕاستەوخۆ بە لێدوانەکانی، ناتوانرێت پێشکەوتن بەدەستبهێنرێت."
 
ئارنچ ئاماژەی بەوەدا، بۆ ئەو دیدارە دەکرێت پەرلەمانتاران یان ئەو کەسانەی پێشتر لە خزمەتی دەوڵەتدا بوون یان خاوەن پێگەی ئەکادیمین رابسپێردرێن گوتی: "ئەگەر هیچ کەسێک بۆ ئەم کارە خۆبەخش نەبێت، ئەگەر پێویست بکات من خۆم دەچم بۆ ئیمڕاڵی و چاوم بە ئۆجەلان دەکەوێت. هەموو وردەکارییەکانی دیدارەکەش، چ لەگەڵ کۆمیسیۆنی پەرلەمان بێت یان رای گشتی، بەشێوەیەکی شەفاف هاوبەشی پێدەکەم."