رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێ، ئیسرائیل ئێستا هەنگاوە سیاسییەکانی لە سووریا دواخستوون و لە کاتی خۆیدا ئەو هەنگاوانە دەنێت.
فیدان لە وەڵامی چەند پرسیارێکدا لەبارەی دۆخی سووریا گوتی:"دواخستنی هەنگاوە سیاسییەکانی ئیسرائیل لە سووریا، مەترسی دروست دەکات. ئێستا ئیسرائیل بەهۆی جەنگی ئێرانەوە هەندێک شت ناکات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە نایانکات. من ئەمە بە براکانم لە سووریا و وڵاتانی دیکەش دەڵێم. ئێستا کاری لەپێشینەی ئیسرائیل ئەمە نییە. بەڵام دواتر کە کاتی دێت، دەیەوێ بیانکات".
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، پێویستە ئەنقەرە بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادە بێت و گوتی:"ئێستا براکانمان لە سووریا هەوڵی دیپلۆماسیی زۆر باش دەدەن. لەڕووی دیپلۆماسییەوە، چ لەگەڵ ئەمریکییەکان چ لەگەڵ ئیسرائیلییەکان، لە دیدار و دیاریکردنی پێگەی خۆیاندا هیچ گرفتێکیان نییە. بەڵام هەروەک گوتم، ویستی نەتەنیاهوو و ستافەکەی روونە. لەم رووەوە ئیمە رێکاری خۆمان دەگرینە بەر و هەنگاو دەنێین".
هاکان فیدان هەروەها رایگەیاند، ئیسرائیل دەیەوێ بە سوودوەرگرتن لە بابەتی دروزەکان، لە باشووری سووریادا درێژە بە کار و چالاکییەکانی بدات.
ئەم گوتانەی هاکان فیدان لە کاتێکدان، لە 28ی شوباتەوە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکرد کە بۆ 40 رۆژ بەردەوام بوو.
ئێستا لە ئەنجامی ئاگربەستێكی دوو هەفتەیی نێوان ئێران و ئەمریکا جەنگەکە وەستاوە، بەڵام ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆسەر حیزبوڵڵای لوبنان بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ