هەپەگە کوژرانی 12 سەرباز و سوپای تورکیا گیانلەدەستدانی 28 گەریلا رادەگەیێنن

14-08-2017
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو - ئەنقەرە

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە هەفتەی رابردوودا 28 گەریلا لە شەڕی دژی سوپادا گیانیان لەدەستداوە، هەپەگە کوژرانی 12 سەربازی راگەیاند.

هێزی پاراستنی گەل (هەپەگە)ی سەر بە پەکەکە، ئامارێکی لەبارەی ئۆپەراسیۆن و چالاکییەکانی بڵاوکردووەتەوە، کە بەو پێیە گەریلاکانی پەکەکە لە سێ چالاکیدا 12 سەربازی سوپای تورکیایان کوشتوون. 

بەپێی راگەیێندراوەکەی هەپەگە، رۆژی 9-8-2017 لە شارۆچکەی شەمزینانی سەربە جۆلەمێرگ پێنج سەرباز، رۆژی 12-8-2017  لە پارێزگەی ئێلیە چوار سەرباز و لە پارێزگەی دێرسیم سێ سەربازی سوپای تورکیایان کوشتووە. 

هاوکات وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئامارێکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکان بڵاوکردەوە، کە بەو پێیە لە هەفتەی رابردوودا، لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنەکان لە سەرانسەری تورکیا بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، 28 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و 14ی دیکەش خۆیان رادەستکردووەتەوە و گەریلایەکیش بەدیل گیراوە.

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیادا ئاماژەی بەوە کراوە، لە رۆژانی 7 تاوەکو 17-8-2017  ئاب هێزە ئەمنییەکان هەزار و 201 ئۆپەراسیۆنیان لە سەرانسەری تورکیا ئەنجامداوە، لەو چوارچێوەیەدا 319 کەس بە تۆمەتی "هاوکاری و دەستتێکەڵکردن لەگەڵ پەکەکە"، 87 کەس بە تۆمەتی "بوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش"، 267 کەس لە چوارچێوەی "بەرەنگاربوونەوەی جەماعەتی گولەن" دەستگیرکراون.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە