هاوسەرۆکی دەم پارتی: دەکرێت سەتەی داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئێستا بنووسرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێ، ئاشتی بە واتای کاراکردنی ئیدارە خۆجێییەکان دێت و بە سەرۆک شارەوانییەکانی دەم پارتیش دەڵێت: "ئەرک و بەرپرسیاریێتیی گەورە دەکەوێتە سەرشانی ئێوە لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی کە بەڕێز ئۆجەلان لە 27ی شوبات دەستیپێکرد."
ئەمڕۆ هەینی 14ـی تشرینی دووەمی 2025، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، لە کۆبوونەوەی هاوسەرۆکانی شارەوانی و هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پارتەکەیان لە ئامەد بەشداربوون.
کۆبوونەوەکە لە سەنتەری کۆنگرەی سەزایی کاراکۆچ بەڕێوەچوو و تێیدا کەسکین بایندیر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) و ژمارەیەکی زۆر کەس ئامادە بوون.
تونجەر باکرهان، لە گوتاری دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا گوتی، پێویستە هەموو زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن و رایگەیاند: "دوو رۆژ لەمەوبەر داوای ئازادکردنی مەرجداری سەلچوک مزراکلی (هاوسەرۆکی پێشووتری گەورەشارەوانیی ئامەد) رەتکرایەوە. پاساوەکە ئەوەیە کە 'لە رێکخستن (پەکەکە) دانەبڕاوە'. بەڵێ، بەڕێزیان ئەندامی رێکخستنە، سەر بە یەکێتیی پزیشکانی تورکیایە، ئەندامی پارتەکەمانە. هیچ ئەندامێتییەکی دیکەی نەبووە. پێویستە لێکۆڵینەوە لەوە بکرێ بۆچی لە پرۆسەیەکی وەهادا بە ئەنقەست هاوڕێکانمان سزا دەدەن. پێویستە واز لەم بڕیارە نابەجێیانە بهێندرێ. ئەم هەڵسوکەوتە تۆڵەسێنەرەوەیە سوودی بۆ هیچ کەسێک نییە."
هاوسەرۆکی دەم پارتی بە سەرۆک شارەوانییەکانی دەم پارتی گوت: "ئەرک و بەرپرسیاریێتیی گەورە دەکەوێتە سەرشانی ئێوە لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی کە بەڕێز ئۆجەلان لە 27ی شوبات دەستیپێکرد. ئێمە خەباتی دیموکراسیی خۆجێیی دەکەین. بەم پێیەش، ئەم پرۆسەیە لە نزیکەوە پەیوەندی بە ئیدارە خۆجێیەکانمانەوە هەیە. دەزانم هاوڕێکانمان لەمبارەیەوە هەستیارانە و بە هەستی بەرپرسیاریێتییەوە مامەڵە دەکەن. ئاشتی بە واتای ئیدارە خۆجێییە چالاکەکان دێت."
تونجەر باکرهان گوتی:"بەڵێنی روونمان بە خەڵک داوە، رووبەڕووی مادە هۆشبەرەکان دەبینەوە، هیچ کەسێک بە برسیەتی نامێنێتەوە، هیچ کەسێک بەهۆی هەژاری و نەبوونی کرێی هاتووچۆوە واز لە خوێندن ناهێنێت. بەدواداچوونی وردی پرۆسەی ئاشتی لە ئەستۆی هاوڕێ هەڵبژێردراوەکانمانە. ئێوە دەبێت پرۆسەکە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، بەرپرسیاریێتی هەڵبگرن و لەگەڵ کۆمەڵگەدا یەکیبگرن."
باکرهان لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پێشهاتی زۆر گرنگ روودەدەن. لە سووریا و رۆژئاوادا شایەتی پێشهاتی مێژوویین. رەنگە سەتەی داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا بنووسرێتەوە. ئەگەر بتوانین خاوەنداری لە بەهاکانمان بکەین، خۆمان رێکبخەین و هێزی گەل لەگەڵمان بێت، دەتوانین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پێگەیەکی زۆر گرنگمان هەبێت. بوار و مەیدانی رێکخستنی ئێمە ئیدارە خۆجێییەکانە. لە خەباتێکی سەختتر لە دوێنێداین. ئەم پرۆسەیە بە دروستی بەڕێوەدەبەین، بە دروستی رێکی دەخەین، خزمەتگوزاریی دروست پێشکێش دەکەین و دەستکەوتی گەورە بەدەستدەهێنین."
پڕۆسەی نوێی چارەسەری لە 1ـی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد. دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و چەک دابنێ.
پەکەکە لە ئایاری ئەم ساڵدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند.
رۆژی 6ـی ئابی 2025، کۆمسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بە 51 ئەندام لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەریی پێکهێندرا و دەیان جار کۆبووەتەوە.