رووداو دیجیتاڵ
تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق دواخست. بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکانی عێراقیش دەڵێت، "لە سبەیەوە گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە و تەنیا بە رۆژ گەشت دەکرێت."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەحمەد وەحید، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە فەرمانگەی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگادارکردنەوەیەکمان لە لایەنی تورکیاوە بۆ هاتووە بۆ راگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا بەرەو عێراق و بەپێچەوانەشەوە."
بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە فەرمانگەی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی عێراق گوتی، "دواتر ئاگادار کراینەوە کە گەشتە ئاسمانییەکان تاوەکو سبەی راگیراون و لە سبەیەوە گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە و تەنیا بە رۆژ دەبێت."
بەگوتەی ئەحمەد وەحید، دوایین گەشتی ئاسمانی لە بەغداوە بۆ تورکیا کاژێر 01:17 خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بوو.
لەلایەکی دیکەوە، مازن شبلی، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی بەغدا بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمییان پێنەگەیشتووە." بەڵام وەک ئەو دەڵێت، لە سبەیەوە کاتی گەشتەکان دەگۆڕن.
بەگوێرەی خشتەی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکی (تورکیش ئێیەرلاینز)، گەشتە ئاسمانییەکانی ئەمشەو بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی ئاساییە، بەڵام گەشتێک کە بڕیاربووە بگاتە فڕۆکەخانەی بەغدا هەڵوەشێنراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ