لە تورکیا داوای پچڕاندنی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی ئوسکودار لە ئیستەنبووڵ خەڵک گردبوونەتەوە، بەشێک لە هاووڵاتیان دەڵێن، بڕیاری سنووردارکردنی هەناردەکردنی 54 کەرەستە لە وڵاتەکەیانەوە بۆ ئیسرائیل بەس نییە و پێویستە پەیوەندییە بازرگانییەکان بپچڕێن.
موجاهید ساغمان، ئەندامی پلاتفۆرمی خیوەتی تێکۆشان دەڵێ "راگەیێندراوی دەسەڵات لەبارەی سنووردارکردنی بازرگانی و چاوەڕوانییەکانی بۆ ئاگربەست، بێ مانایە و راستەقینە نییە. ئێمە، وەکو دۆستانی گەلی تێکۆشەر و بەشکۆی فەلەستین، داوای گەمارۆی یەکجاری و بایکۆت دەکەین، نەوەک سنووردارکردن."
بەشێک لە پارتەکانی تورکیا لەگەڵ ئەو داواکارییانەن کە بەشێک لە هاووڵاتییان هەیانە.
لەوانە پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31-3-2024ـدا رێژەی 6.19٪ـی دەنگەکانی هێنا.
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ دەڵێ "ئاسمان و بەندەرەکانمان چی زووە بەڕووی ئیسرائیل دابخەن. هەروەها بازرگانی و وەبەرهێنانتان لەگەڵ ئیسرائیل بوەستێنن، کە دڵۆپەئاوێک بە منداڵە بێتاوانەکانی ئەوێ نادات."
لەبەردەم وەزارەتی بازرگانیی تورکیا لە ئەنقەرە بەهەمان شێوە خەڵک گردبوونەوە؛ لێرەش هاووڵاتیان هەمان داواکارییان هەیە.
یوسف شانڵی، چالاکڤان دەڵێ "لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە گەواهیدەری داگیرکاری و تاڵانکاریی 100 ساڵەی ئیسرائیلین."
جگە لە بابەتی بازرگانی، لە گردبوونەوەکاندا داوا لە حکومەتی تورکیا دەکرێت، بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک دابخات، باڵیۆزی تورکیا لە ئیسرائیل بکشێنێتەوە و کۆمەک بۆ غەززە بنێرێت.