رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە و رایگەیاند، کۆماری تورکیا دەوڵەتێکی ئاسایی نییە و هیچ هێزێک ناتوانێت پەنجە لە تورکیا و سەرۆککۆمارەکەی رابووەشێنێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، رۆژی چوارشەممە 15ـی نیسانی 2026 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکێش کرد.
ئەردۆغان سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تورکیا کاردانەوەی تووندی نیشاندا و رایگەیاند: "هیچ هێزێک ناتوانێت پەنجە لە تورکیا و سەرۆککۆماری تورکیا رابووەشێنێت."
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "جارێکی دیکە هەندێک راستی بیری بکوژانی ساوا دەهێنمەوە کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زماندرێژی بەرامبەر خۆم و وڵاتەکەم دەکەن. دەوڵەتی کۆماری تورکیا دەوڵەتێکی ئاسایی نییە. هیچ هێزێک ناتوانێت پەنجە لە تورکیا و سەرۆککۆماری تورکیا رابووەشێنێت".
ئەردۆغان گوتی: "ئێمە لەبری ئەوەی بێ شکۆ لەسەر زەوی بژین، ئەگەر پێویست بکات خەوتنی شکۆمەندانە لەژێر خاکدا بە گەورەترین شانازی دەزانین."
دوای دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوبات، سەرۆککۆماری تورکیا و بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکە رەخنەیان لە ئیسرائیل گرت بەوەی هێرش دەکەنە سەر وڵاتان و خەڵکی سڤیل دەکوژن.
لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەدا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەو وڵاتە رەخنەی تووندیان لە بەرپرسانی تورکیا گرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ