مەرال ئاکشەنەر: ئیمامئۆغڵو سەرۆکی هەڵبژێردراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵە

15-06-2019
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن ئیمامئۆغڵو پەروین بوڵدان
A+ A-

رووداو - هەولێر

سەرۆکی گشتی ئیی پارتی دەڵێ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ئێستا سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵە و لە 23ـی حوزەیرانیشدا جارێكی دیکە هەڵدەبژێردرێتەوە، هەروەها هاوسەرۆکی هەدەپە دەڵێ ئیستەنبووڵ هی ئێمەیە و رادەستی ناکەین.

مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی گشتی ئیی پارتی، لە ناوچەی بیوک چەکمەجە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، ئەم وڵاتە پێویستی بە یەکێتی و برایەتی و گەڕانەوەیە بۆ دۆخی ئاسایی، نەک زیادکردنی گرژییەکان. 

ئاکشەنەر گوتی "سەرۆکایەتی گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵ هەڵوەشێندرایەوە. بۆچی هەڵوشێندرایەوە؟ بینیمان هۆکارەکەی عاتفییە... بەڕێز ئەکرەم ئیمامئۆغڵو هەتا ئێستاش سەرۆکی هەڵبژێردراوی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵە. شەوی 23ـی حوزەیرانیش دەڵێن، ئەمە وا نابێت، وا دەبێت و سندووقەکانی دەنگدان پڕدەکەنەوە".   

پەروین بوڵدان: ئیستەنبووڵ هی ئێمەیە، رادەستی ناکەین

هەروەها پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە گوتارێكدا رایگەیاند لە هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئاداردا گەلانی ئیستەنبووڵ گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵیان بردەوە، بەڵام دەسەڵات ئیستەنبووڵی بۆخۆی برد.

پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا، لەلایەن دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە دەستگیراوە بەسەر شارەوانییەکانی ئەو شەش ناوچەی ئیستەنبووڵ، کە هەدەپە تێیاندا بردوویەتییەوە و، گوتی بۆ ئەوەی لە 23ـی حوزەیراندا جارێكی دیکە شکست بە هاوپەیمانی جمهوور (ئاکپارتی و جەهەپە) بهێنن، هاوپەیمانی دیموکراسییان پێکهێناوە.  

ئیمامئۆغڵو بەربژێری هاوپەیمانیی میلەت بوو کە لە جەهەپە و ئیی پارتی پێکدێت. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە 31-3-2019 ئەنجامدرا، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بە جیاوازی چەند هەزار دەنگێک سەرکەوتنی بەسەر بینالی یڵدرم، بەربژێری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بەدەستهێنا، بەڵام ئاکپارتی رەخنەی لە ئەنجامەکان گرت، دواتر بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی ئیستەنبووڵ درا.

هەرچەندە هەدەپە بەشێک نییە لە هاوپەیمانیی میللـەت، بەڵام هەردوو هاوسەرۆکەکانی هەدەپە: پەروین بوڵدان و سەزای تەمەللـی زیاتر لە جارێک بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتیوانییان لە ئیمامئۆغڵو کردووە لەدژی ئاکپارتی و دەڵێن "لە کوردستان سەردەکەین و لە تورکیا شکست بە ئاکپارتی دەهێنین". 

پەروین بوڵدان لە گوتارەکەیدا جەختی کردەوە لەوەی ئیستەنبووڵ هی ئەوانە، هی کوردان و گەلانی تورکیایە و رادەستی ناکەن. داواشی لە کوردانی ئیستەنبووڵ کرد رۆژی 23ـی حوزەیران بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە