نرخی ڤیزای تورکیا بووە 130 دۆلار

14-07-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی خزمەتگوزارییەکانی پێدانی ڤیزای تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە 50 دۆلارەوە بۆ 60 دۆلار زیاد کراوە، بەو جۆرەش نرخی ڤیزای تورکیا بە رێکارەکانی تایبەت بە وەرگرتنی ڤیزاکە و دڵنیایی و گەیاندنەوە لە 120 دۆلارەوە بۆ 130 دۆلار بەرزبووەوە؛ بەڕێوەبەری کاروباری تەکنیکی کۆمپانیای گەیت وەی کە بەرپرسە لە پێدانی ڤیزا لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەڵێت: "رۆژی 27ی تەمموز لە باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا هۆکارەکانی گرانبوونی خزمەتگوزارییەکانی ڤیزا روون دەکەینەوە."
 
رۆژی 14-7-2022، کۆمپانیای گەیت وەی (gateway) کە تاکە کۆمپانیای بەرپرسە لە پێدانی ڤیزا لە هەرێمی کوردستان و عێراق رایگەیاند، "ئاگاداری ئەو بەڕێزانە دەکەینەوە کە دەیانەوێت ڤیزای تورکیایان دەستبکەوێت رەچاوی ئەوە بکەن نرخی خزمەتگوزاریی پێشکێشکردن بۆ وەرگرتنی ڤیزای تورکیا بووەتە 60 دۆلار لە بری 50 دۆلار، ئەوەش لە رۆژی شەممە 16-7-2022 ەوە جێبەجێ دەکرێت و نرخی خزمەتگوزارییەکانی دیکە جێگیرە و نەگۆڕاوە کە (دڵنیایی و گەیاندن و وێنەگرتن و شتی دیکە لە خۆ دەگرێت".
 
رۆژی پێنجشەممە 14-7-2022، لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی ڤیزای تورکیا، مێهتاپ تەکەرلی، بەڕێوەبەری کاروباری لۆجیستی کۆمپانیای گەیت وەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی 27ی تەممووز لە باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ساز دەکەین و هەموو روونکردنەوەکان لەبارەی نرخی ڤیزاوە بڵاودەکەینەوە؛ نرخی خزمەتگوزاری دڵنیایی تەندروستی نەگۆڕاوە کە 60 دۆلارە، بەڵکو ئەوەی هەیە تەنیا نرخی ڤیزا گۆڕاوە کە لە 50 دۆلارەوە بووەتە 60 دۆلار، واتە هەر کەسێک ڤیزای بوێت ئەوا پێویستە 60 دۆلاری ڤیزا و  60 دۆلاری دڵنیایی تەندروستی و 10 دۆلاری گەیاندن بدات کە هەمووی دەکاتە 130 دۆلار؛ ئەگەر ئەو کەسە شوێنی لە دەرەوەی شار بێت، ئەو کاتە گەیاندنی ڤیزا دەبێتە 15 دۆلار؛ رۆژی 27ی مانگ هۆکاری گرانبوونەکەشی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە بڵاودەکەینەوە." 
 
رۆژی 3ی تەممووزی 2022، عەلی رەزا گیونەی، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق رایگەیاند: "تورکیا بژارەی یەکەمی برا عێراقییەکانمانە بۆ بەسەربردنی پشووی جەژن و رۆژانە 7 هەزار ڤیزا دەدەین بە عێراقییەکان."
 
رۆژی 14-7-2022، رۆژگار مەغدید، خاوەنی کۆمپانیای رۆژگار تراڤڵ کە کۆمپانیایەکی گەشتیارییە لەبارەی گرانبوونی نرخی ڤیزای تورکیاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاریگەریی لەسەر جووڵە و چوونی گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بۆ تورکیا نابێت، چونکە تورکیا وڵاتێکی گەشتیارییە و گەشتیاران مەبەستیانە بچن بۆ تورکیا، بەڵام ئەگەر زیادبوونەکە 50 دۆلارێک بووایە ئەوا زۆر کاریگەری دەبوو."
 
رۆژگار مەغدید گوتیشی: "ماوەی 10 ساڵ دەبێت هێندەی ئەم جەژنە خەڵک لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە سەردانی تورکیایان نەکردووە. ئەم جەژنە خەڵکێکی یەکجار زۆر روویان لەو وڵاتە کرد."
 
کۆمپانیای گەیت وەی تاکە کۆمپانیایە کە مامەڵەی پێدانی ڤیزا بە هاونیشتمانییان و هاووڵاتییان دەدات و لە ساڵی 2002 دامەزراوە؛ تورکیا 13 ناوەندیی پێدانی ڤیزای لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق هەیە و رۆژانە نزیکەی حەوت هەزار ڤیزا دەداتە هاونیشتمانییان و هاووڵاتییانی عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە