گەرگەرلیئۆغڵو بۆ رووداو: دۆسیەکەم بردەوە و دەبێت پەرلەمان مووچەی کاتی زیندانیم بۆ بگەڕێنێتەوە

15-07-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن گەرگەرلیئۆغڵو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) کۆپییەکی بڕیاری دادگەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نارد و رایگەیاند، تەواوی ئەو مووچەیەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە کە لە کاتی لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاریێتی و زیندانیکرانی، لێی بڕدرابوو.
 
دوای ئەوەی بە بڕیاری دادگەی دەستووری، مافی پەرلەمانتاریەتیی بۆ گەڕێندرایەوە، عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو کە ئێستا پەرلەمانتاری یەسەپەیە و پێشتر پەرلەمانتاری هەدەپە بوو، سکاڵایەکی لەدژی پەرلەمانی تورکیا تۆمارکرد بۆ خەرجکردنی ئەو مافە داراییانەی لە کاتی لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتارییەتی لێیان بڕیبوو. 
 
رۆژی 10-7-2023 دادگەی کارگێڕیی ناوچەی حەوتەمی ئەنقەرە دۆسیەکەی خستە ژێر هەڵسەنگاندن و دواجار بڕیاریدا تەواوی مووچە و دەرماڵە داراییەکانی گەرگەرلیئۆغڵو لە ماوەی ئەو چوار مانگەی لە زیندان بووە، بە سوودی بانکییەوە، خەرج بکرێت.
 
گەرگەرلیئۆغڵو: سەرۆکی پەرلەمان پێیگوتم ئەو پارەیەت پێنادەم  
 
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ماوەی نزیکەی چوار مانگ لە زیندان بووم، لەکاتێکدا دادگەی دەستووریی تورکیا بڕیاریدا ئەو زیندانیکردنە یاسایی نییە و بەرتەسککردنەوەی بیروڕای ئازادە. کەواتە من ئەو ماوەیە بە نایاسایی خراومەتە زیندانەوە. هەر بۆیە دوای گەڕانەوەم بۆ پەرلەمان، داکۆکیم لە مافەکانم کرد. چەند جارێک داوام لە مستەفا شەنتۆپ، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا کرد بۆ ئەوەی مووچەی ئەو چوار مانگەم بۆ بگەڕێننەوە، بەڵام ئەو بە تووندی بەرپەرچی دەدامەوە و دەیگوت ئەو بڕە پارەیەت پێنادەین".
 
گەرگەرلیئۆغڵو: بابەتەکە ماف و شەرەفە نەک پارە
 
گەرگەرلیئۆغڵو بە رووداوی گوت دوای ئەوەی چەند جارێک داواکارییەکەی لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە رەتکرایەوە، پەنای بردووەتە بەر دادگەی کارگێڕیی ناوچەی حەوتەمی ئەنقەرە و سکاڵای تۆمارکردووە، راشیگەیاند "داوام لە دادگە کرد و گوتم، کاتێک دادگەی دەستووریی تورکیا ماوەی زیندانیی منی بە نایاسایی هەژمارکرد و بڕیارەکەی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە، هەروەها ئەندامیەتیی پەرلەمانی بۆ گەڕاندمەوە، کەواتە دەبێت مووچەی ئەندامیەتیی پەرلەمانیشم بۆ بگەڕێتەوە. ئەوە بوو دادگە لە بەرژەوەندیی من بڕیاری دا و پەرلەمانی ناچار کرد مافە داراییەکانم بۆ بگەڕێنێتەوە. لێرەدا ئامانجی من تەنیا پارە نییە، بابەتەکە پەیوەندیی بە شەرەف و داکۆکیکردنەوە هەیە. پەیوەندیی بە بەرەنگاربوونەوەیە بەرامبەر زەوتکردنی مافەکان".
 
سەبارەت بەو پێشهاتە کە پەرلەمانتارێک سکاڵای لە پەرلەمانی تورکیا کردووە و دادگەی کارگێڕیش راستەوخۆ بڕیار لە دژی پەرلەمان دەدات و پشتگیری لە پەرلەمانتارەکەی هەدەپە دەکات، گەرگەرلیئۆغڵو گوتی "راستییەکەی من چاوەڕێی ئەوە نەبووم وا بە ئاسانی بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی من بێت، چونکە پێشتر پارێزەرەکەم کەرەم ئاڵتی پارماک پێی راگەیاندبووم مستەفا شەنتۆپ، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوکات، تەواوی توانای خۆی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی من ئەو دۆسیەیە نەبەمەوە. هەر بۆیە من ئەگەرێکی لاوازم هەبوو بۆ بردنەوە، بەڵام دواجار دادگەی کارگێڕیی ناوچەی حەوتەمی ئەنقەرە پابەند بوو بە بڕیارەکانی دادگەی دەستووری و بڕیارە دروستەکەی دا. ئەوە بڕیارێکی دیموکراسیانە بوو".
 
گەرگەرلیئۆغڵو: دوای بڕیارەکەی دادگە پەیوەندیم بە سکرتێری پەرلەمانەوە کرد
 
دوای ئەوەی بڕیارەکە دەرچوو، کە بەوپێیە پەرلەمان لەسەریەتی خەرجیی مووچەکانی گەرگەرلیئۆغڵو بگەڕێنێتەوە، گەرگەرلیئۆغڵو دەڵێت راستەوخۆ پەیوەندیی بە سکرتێری گشتیی پەرلەمانەوە کردووە و پێی راگەیاندووە. سکرتێری گشتیی پەرلەمان بەو پەرلەمانتارەی یەسەپەی گوتووە، بەگوێرەی یاسا ئەوەی پێویستە ئەنجامی دەدەن. 
 
بڕیارەکە دەبێتە "نموونەیەکی باش" بۆ جان ئاتاڵای 
 
جان ئاتاڵای، پەرلەمانتاری پارتی کرێکاری تورکیا (TIP) لە هەڵبژاردنەکەی 14-5-2023 دەنگی پێویستی هێنا، بەڵام ئەو هێشتا لە گرتووخانەیە و ئازاد نەکراوە. گەرگەرلیئۆگڵو لەمبارەیەوە بە رووداوی گوت، ئەو بڕیارە دەبێتە نموونەیەکی باش و هەرکاتێک جان ئاتاڵای چووە نێو پەرلەمان و سوێندی خوارد، دەکرێت "بە ئاسانی" بڕیارێکی هاوشێوەی بۆ دەربچێت و تەواوی مووچە و شایستە داراییەکانی ماوەی زیندانیشی بۆ خەرج بکرێت.
 
هۆکارەکان چی بوون؟
 
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بوو لەسەر بازنەی پارێزگای کۆجائەلیی تورکیا، بەڵام بەهۆی پۆستێکی رەخنەگرانە و چەند تۆمەتێک، رۆژی 17ـی ئاداری 2021 بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران مافی پەرلەمانتاریی لێوەرگیرایەوە. دوای لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری، گەرگەرلیئۆغڵو دەستگیرکرا و خرایە گرتووخانەوە و بە بڕیاری دادگە سزای دوو ساڵ و نیو زیندانیی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دادگەی دەستووریی تورکیا ئەمەی بە پێشێلکردنی ماف و ئازادیی تاک ناوبرد و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکەی دەرکرد.
 
رۆژی 6-7-2021 عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو لە زیندان دەرچوو. دواتریش هەر لەسەر داواکاری و بڕیارەکانی دادگەی دەستووریی تورکیا، مافی پەرلەمانتاریی پێدرایەوە، بەڵام ئەو ماوەیەی کە مافەکەی لێسەندرابوو، مووچەبڕکرابوو و هیچ بڕەپارەیەکی پێنەدرابوو. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە