وەزیری وزەی تورکیا: بەمنزیکانە بۆری نەوتی عێراق-تورکیا بۆ جەیهان دەکرێتەوە

15-09-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ    

 

وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا دەڵێت، کێشە تەکنیکییەکانی بۆری نەوتی کوردستان-جەیهان چارەسەر کراون و بۆرییەکە بەمنزیکانە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادە دەبێت و باسی لەوەشکرد، تانەیان لە بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی پاریس داوە و لە دادگەیەکی ئەمریکیدا داوای قەرەبووی 950 ملیۆن دۆلاریان لە عێراق کردووە. 
 
ئاڵپەرئەرسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەڤانی وڵاتەکەی کۆبووەوە. ئەوەی کە پەیوەندی بە راگرتنی نەوتی کوردستانەوە هەیە لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان، ئاڵپئەرسڵان بایراکتار رایگەیاند، "بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ـی شوباتی ئەمساڵ و لافاوەکەی دواییش زیانی زۆری بە بۆری گواستنەوەی عێراق-جەیهان گەیاند و ئەم بابەتەمان بە لایەنە عێراقییەکان راگەیاندووە". 
 
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا گوتیشی، "تیمێکی تایبەت راپۆرتی زیانەکانیان ئامادەکرد و تیمێکی دیکەش لەسەر راسپاردەی وەزارەت دەستیان بەچاککردنەوەی بۆرییەکە کرد. تیمی یەکەم راپۆرتێکیان لەبارەی کێشە تەکنیکییەکان ئامادەکرد و ئێستاش بەگوێرەی دوایین راپۆرتی، کێشە تەکنیکییەکان چارەسەرکراون و لەسەروبەندی ئامادەکردنی بۆرییەکەدان بۆ کردنەوەی. بەمنزیکانە بەتەواوەتی ئامادە دەبێت و دەخرێتەوە کار". 
 
لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانی پاریس کە داوای کردووە تورکیا 1.5 ملیار دۆلار بداتە عێراق، ئەوەش وەکو قەرەبووی ئەو زیانەی لەو وڵاتەی داوە لە بەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بێ رەزامەندیی بەغدا لە ساڵانی 2014-2018، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، "ئێمەش داوای یاساییمان لە دادگەیەکی ئەمریکی هاوشێوە و پەیوەندیدار تۆمارکردووە و داوای 950 ملیۆن دۆلار قەرەبوومان کردووە. هەروەها تانەمان لە دادگەی نێوبژیوانی پاریس تۆمارکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە و بەوردی لەسەر هێڵین و بەدواداچوون بۆ بڕیاری هەردوو دادگەکە دەکەین". 
 
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە دوو وڵاتی دراوسێ و خاوەن بەرژەوەندی باڵای هاوبەشین. پێویستە ئەم بابەتانە بە گفتوگۆ و دیالۆگی دۆستانە چارەسەر بکەین". 
 
رۆژی 7ـی ئەیلوولی 2023، حکومەتی تورکیا لە دادگەی ناوچەی کۆڵۆمبیا لە واشنتن دی سی پایتەختی ئەمریکا سکاڵای لەسەر حکومەتی عێراق تۆمار کرد.
 
لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە عێراق بەشێکی پارەی گواستنەوەی نەوتی بەنێو خاکی تورکیادا بە ئەنقەرە نەداوە. ئەو قەرزەش بە بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی پاریس، رێژەی سوودی لەسەر دانراوە، واتە عێراق چەند لە دانەوەی قەرزەکە دوابکەوێت، بڕەکەی زیاتر دەبێت. 
 
تورکیا دەڵێت، دوای هەژمارکردنی سوودی سەر قەرزەکان، عێراق 2.6 ملیار دۆلار قەرەبووی بەردەکەوێت و تورکیاش 3.5 ملیار دۆلار، واتە ئەنقەرە 919 ملیۆن دۆلار لە قەرەبووی ساڵانی پێش بڕیارەکەی دادگەی پاریس قازانج دەکات، بە هەژمارکردنی سوودی سەر قەرزەکانی دوای بڕیارەکەش، 37.7 ملیۆنی دیکەی مانگی ئادار تا ئابیشی بەردەکەوێت کە پێکەوە دەکاتە 956 ملیۆن دۆلار.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: AA

ئەردۆغان لە ژەنەراڵە کودەتاچییەکان خۆشبوو

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە سزای ئەو 14 ژەنەراڵە خۆشبوو، کە بە تۆمەتی هەوڵی کودەتاکەی 1997 سزا درابوون و بەندکرابوون. بڕیارەکە ئەمڕۆ هەینی لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتەدا بڵاوکرایەوە.