رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە.
راپۆرتەکەی دەم پارتی کە رۆژی 10-12-2025 پێشکێشی کۆمیسیۆنەکە کرا، رۆژی 14-12-2025 نێوەڕۆکەکەی لە میدیادا بڵاوکرایەوە.
لە راپۆرتەکەدا باسی هەنگاوی یاسایی، لابردنی قەییووم و گوندپارێزی کراوە، هەروەها داوای نووسینەوەی دەستوورێکی نوێش کراوە.
لەو راپۆرتەدا دەم پارتی تێڕوانینی خۆی بۆ پرسی کورد خستووەتەڕوو و جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێ پرسەکە لەوە دەربهێنرێ وەک عەقڵییەتی نەریتیی دەوڵەت وەک "دۆسیەیەکی ئەمنی" سەیر بکرێت.
دەم پارتی پێیوایە، پرسی بوون، یەکسانی و یاسا سێ پرسی گەوهەرین.
هاوکات جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئامانجی ئەوان هەر تەنیا وەستانی شەڕ نییە، بەڵکو بونیاتنانی سیستمێکی "ئاشتیی ئەرێنی"یە کە نایەکسانییەکان لەنێوببات و لەسەر بنەمای دادپەروەری و هاووڵاتیبوونی یەکسان دامەزرابێت.
لە راپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتە سەر وێستگە گرنگەکانی پرۆسەی چارەسەری و ئاماژە بەوە کراوە: "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی"ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رۆژی 27ی شوباتی 2025، رێگەی لەبەردەم پرۆسەیەکی سیاسی و یاسایی نوێ کردووەتەوە.
هەروەها سەردانی ئەندامانی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان لە رۆژی 24ی تشرینی دووەمی 2025 بۆ ئیمراڵی، وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی ویستی چارەسەری و زەوینەسازیی لایەنی بەرامبەر دانراوە.
لە راپۆرتەکەی دەم پارتیدا، بە کورتی ئەو هەنگاوە کۆنکریتییانەی پێویستە بۆ چارەسەرێکی دیموکراسیی هەمیشەیی بنرێن، بەم شێوەیە باسکراون:
1- هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سیستمی قەییووم بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە دەستبەسەرداگرتنی ویستی خەڵک لە شارەوانییەکان.
2- دەستەبەرکردنی مافی زمانی دایک لە هەموو بوارەکان، لەوانە پەروەردە، تەندروستی و سەرجەم خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
3- دامەزراندنی لیژنەی راستەقینە و دادپەروەری بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری.
4- کۆتاییهێنان بە سیستمی گوندپارێزی کە پێکهاتەیەکی ئەمنیی ناوچەییە.
5- ئامادەکردنی دەستوورێکی دیموکراسیی نوێ (پەیمانی کۆمەڵایەتی) کە هەموو ئەو چاکسازییانە دەستەبەربکات و هاووڵاتیبوونی یەکسان بکاتە بنەما.
دەم پارتی لە راپۆرتەکەیدا بانگهێشتی پەرلەمان و دامەزراوەی سیاسەت دەکات کە ئەم دەرفەتە مێژووییە بە گرنگ بزانن و بەشداری بکەن لە پرۆسەی بونیاتنانی کۆمارێکی دیموکراسی کە تێیدا هەموو گەلان بە یەکسانی و شکۆمەندانە بژین.
دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرسی چارەسەری لەگەڵ چین و توێژەکان، ئێستا پارتە سیاسییەکان لە پەرلەمان راپۆرتی خۆیان پێشکێشی کۆمیسیۆنەکە دەکەن و دواتریش قۆناخێکی نوێ لە پرۆسەی چارەسەری دەستپێدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ