رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی تورکیا زانیاریی نوێی دەربارەی ئەو مێرمنداڵە بڵاوکردەوە، کە رۆژی چوارشەممە 9 کەسی لە قوتابخانەیەکی پارێزگەی مەرەشی باکووری کوردستان کوشت. لێکۆڵینەوە بەراییەکان پەردە لەسەر کاریگەریی بکوژە کۆمەڵکوژەکانی ئەمریکا لەسەر بیری ئەو هێرشکارە لادەدەن.
بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی پۆلیسی تورکیا، هێرشکارەکە وێنەیەکی بکوژی بەناوبانگی ئەمریکی (ئیلیەت رۆجەر)ـی لە سەر پڕۆفایلی واتسئاپەکەی داناوە.
رۆجەر گەنجێکی تەمەن 22 ساڵانی ئەمریکی بوو کە لە ساڵی 2014دا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، شەش کەسی کوشت و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، ئەو پێش تاوانەکەی رایگەیاندبوو، بەهۆی رەتکردنەوەی لە لایەن رەگەزی بەرامبەر و بێبەشبوونی لە سێکس، ئەو کارە دەکات.
رووداوەکە کاژێر 12:33ـی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە لە قوتابخانەی ناوەندیی ئایسەل چاڵک لە قەزای 12ـی شوباتی پارێزگەی مەرەش روویدا. عیسا ئاراس مەرسینلی، تەمەن 14 ساڵ و قوتابی پۆلی هەشتەم، بە پێنج چەک و حەوت فیشەکدان (مەخزەن)ـی پڕەوە، کە لە باوکی بردبوونی، چووەتە ناو دوو پۆلی جیاوازی پۆلی پێنجەم و دەستڕێژی گولـلەی لێ کردوون.
مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا پشتڕاستی کردەوە، لەم هێرشەدا نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە هەشتیان قوتابین و یەکێکیان مامۆستایە. هەروەها 13 کەسی دیکە بریندار بوون و تەندروستیی سیانیان ناجێگیرە. هێرشکارەکە دوای تاوانەکە، لە ناو قوتابخانەکەدا کۆتایی بە ژیانی خۆیشی هێناوە.
هێزە ئەمنییەکان ئووغور مەرسینلی، باوکی هێرشکارەکەیان دەستبەسەر کردووە، کە پێشتر کارمەندی ئاسایش بووە و خاوەنی ئەو چەکانەیە کە لە هێرشەکەدا بەکارهێنراون. وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، ئەمە "کردەوەیەکی تیرۆریستی نییە" و تەنیا رەهەندێکی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی هەیە.
بۆ ماوەی دوو رۆژ دەوام لە هەموو قوتابخانەکانی مەرەش راگیرا. حەوت داواکاری گشتی و هەشت پشکنەری وەزارەتی ناوخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە هەموو رەهەندەکانی رووداوەکە راسپێردراون.
دادگەی مەرەش بڕیاری قەدەخەکردنی بڵاوکردنەوەی هەموو جۆرە زانیاری و وێنەیەکی رووداوەکەی دەرکرد، تاوەکو رێگری لە زیانی دەروونیی منداڵان و خێزانەکان بگیرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەرەخۆشیی خۆی بۆ خێزانی کوژراوەکان دەربڕی و بەڵێنی دا، رووداوەکە بە هەموو رەهەندەکانییەوە روون دەکرێتەوە. هاوکات پەرلەمانی تورکیا بڕیاریدا هەفتەی داهاتوو لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشە ئەمنییەکانی قوتابخانەکان پێکبهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ