ئەردۆغان: ئیسرائیل بە پشتیوانیی بێسنووری رۆژئاوا هێرش دەکاتە سەر ئێران

 
رووداو دیجیتاڵ 

رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند ئیسرائیل بووەتە "کەڵەگا"ی ناوچەکە و لەوانەیە لە داهاتوودا پەی بەو هەڵانەی خۆی ببات، بەڵام دەترسین ئەوکاتە کار لە کار ترازابێت.
 
لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی وڵاتەکەی کە ئێوارەی دووشەممە، 16-6-2025، لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا جەختی لەسەر شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران کردەوە و گوتی:"ئەو پرسانەی دەکرێت لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، ئەگەر هەوڵ بدرێت لەڕێی چەک، رووخاندن، خوێن، پشێوی و بۆردومانی کوێرانەی بێ جیاکاری لە نێوان سەرباز و سڤیل چارەسەر بکرێت، کەس نازانێت چ ئەنجامێکی لێ دەکەوێتەوە".
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها ئیسرائیلی بە کۆمەڵکوژی لە غەززە و هێرشی نابەجێ لە ئێران و لوبنان تۆمەتبارکرد و گوتی:"ئیسرائیل دەستی بە هێرش بۆ سەر ئێرانی دراوسێمان کردووە. ئەو هێرشە کە بە بیانووی کردنە ئامانجی وێستگەکانی ئەتۆم دەستیپێکراوە، رۆژ لەدوای رۆژ باشتر روونی دەکاتەوە کە ئیسرائیل ئامانجی شاراوە و بەرفراوانی هەیە".  
 
ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، مێژوو پڕە لە نموونەی ئەو سەرەڕۆییانە کە ئەنجامی چاوەڕواننەکراویان لێکەوتووەتەوە و گوتی:"ئیسرائیل بە پشتیوانیی بێ سنووری رۆژئاوا هێرش دەکاتە سەر ئێران و غەززەی لەگەڵ زەوی تەخت کردووە و کەڵەگایی لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەکات. لەڕاستیدا ئاگای لێ نییە چی دەکات. لەوانەیە لە داهاتوودا پەی بەو هەڵەیە ببات کە کردوویەتی، بەڵام دەترسین ئەوکاتە کار لە کار ترازابێت. ئیسرائیل بە هەر ستەمێک کە دەیکات، خۆی و داهاتووی گەلەی زیاتر دەخاتە مەترسییەوە".
 
سەرۆککۆماری تورکیا جەختیکردەوە، هەموو رووداوەکانی ناوچەکە، پەیوەندیدارن بە تەواوی وڵاتانەوە و تەنیا پەیوەندیدار نین بە شوێنی رووداوەکە.
 
ئەردۆغان رایگەیاند لە رۆژی هەینییەوە خۆی و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە بەرپرسانی باڵای وڵاتان کردووە و هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکەیان داوە.
 
سەرۆککۆماری تورکیا لەڕێی تەلەفۆنەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر و عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن و محەممەد سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەند بەرپرسی دیکەی وڵاتان تاووتوێی شەڕی ئێران و ئیسرائیلی کرد.
 
ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا جەختی لەسەر ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە نیشاندا.