دوای لێکۆڵینەوەکانی جان هۆڵدینگ پێنج کەس خرانە زیندانەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئۆپەراسیۆنەکەی پێنجشەممەی رابردوو بۆ سەر جان هۆڵدینگ لە ئیستەنبووڵ 6 کەس دەستبەرسەرکران، پێنجیان بە بریاری دادگە خرانە زیندانەوە.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی 'کوچوک چەکمێجە' لە ئیستەنبووڵ دەستیپێکرد، بەیانی رۆژی پێنجشەممە 11ـی ئەیلوولی 2025، لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کوچوک چەکمێجە، بە تۆمەتی "دامەزراندنی رێکخراوی تاوانکاری، قاچاخچێتی، ساختەکاری و سپیکردنەوەی پارە" دەست بەسەر جان هۆڵدینگ دا گیرا.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کوچوک چەکمێجە فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ 10 کەس دەرکرد، لەوانە 'محەممەد شاکر جان، کەمال جان و کەنعان تەکداغ' بەڕێوەبەرانی جان هۆڵدینگ. هاوکات دەست بەسەر 121 کۆمپانیای هۆڵدینگەکەدا گیرا، کە کەناڵی تەلەڤیزیۆنی هابەرتورک و شۆ تیڤییان تێدایە.
لەم چوارچێوەیەدا شەش کەس کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەرکران، لە 15ـی ئەیلوولدا رەوانەی دادگەی کوچوک چەکمێجەی ئیستەنبووڵ کران.
بە بریاری دادگە پێنج کەسیان خرانە زیندانەوە و کەنان تەکداغ، سەرۆکی گرووپی میدیایی جان هۆڵدینگ لە ماڵەوە لە ژێر چاودێریدا هێڵدرایەوە.
چی روویدا؟
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کوچوک چەکمەجە لە ئیستەنبووڵ دەستیپێکردووە، لە 11ـی ئەیلوولی 2025 ـدا دەست بەسەر 121 کۆمپانیای سەر بە کۆمپانیای جان هۆڵدینگدا گیرا کە هابەرتورک و شۆ تیڤی تێدایە.
فەرمانی دەستبەسەرکردن بۆ 10 کەس دەرچووە، لەنێویاندا کارگێڕانی کۆمپانیاکە. سەرۆکایەتی داواکاری گشتی تۆمەتباریان دەکات بە "دامەزراندنی رێکخراوێکی تاوانکاری"، "قاچاخچێتی"، "ساختەکاری" و "سپیکردنەوەی ئەو سەروەت و سامانانەی کە لە تاوانەوە وەرگیراون" تۆمەتباریان دەکات.
لەو کۆمپانیایانە کە بە فەرمانی دادگە گواستراونەتەوە بۆ سندووقی بیمەی پاشەکەوت، کارەکانی گەڕان بەردەوامە.
زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامەکانی داواکاری گشتی ئاماژە بەوە دەدەن، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە دژی جان هۆڵدینگ لە ساڵی 2022 کراوەتەوە.
سندووقی بیمەی پاشەکەوت کە وەک قەییومی کۆمپانیاکانی جان هۆڵدینگ دەستنیشانکراوە رایگەیاند، کارەکانی لە دامەزراوە پەروەردەییەکانی گرووپەکەدا بەردەوام دەبن.
لە بەیاننامە نووسراوەکەی سندووقی بیمەدا هاتووە، "هەموو کۆمپانیاکانی ژێر بەرپرسیارێتی ئێمە وەک لە یاسادا هاتووە بە رێبازی 'بازرگانی وریا' بەڕێوەدەبرێن، ژینگەی سەقامگیری و متمانە دەپارێزرێت".
لە یاسادا زاراوەی "بازرگانێکی وریا" بۆ وەسفکردنی ئەو کەسانە بەکاردێت کە لە مامەڵە بازرگانییەکاندا بە وریاییەوە و وریا و زیرەک مامەڵە دەکەن.
لە رەوتی سرووشتی بازرگانیدا، چاوەڕوان دەکرێت کۆمپانیاکان لەلایەن ئەم کەسانەوە بەڕێوەببرێن. سندووقی بیمەی پاشەکەوت دەڵێ کە کۆمپانیای جان هۆڵدینگ بەم شێوازە بەڕێوە دەبرێت.
محەممەد عاکیف ئەرسۆی، سەرنووسەری گشتیی هابەرتورک لە پۆستێکدا لە هەژماری ئێکس رایگەیاندووە، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسانی سندووقی بیمەی پاشەکەوت سەبارەت بە گرووپی بڵاوکردنەوە و کۆلێژەکانی دۆغا ئەنجامداوە.
ئەرسۆی رایگەیاندووە، "ئەو رەوتی کارەی لەگەڵ هاوکارەکانمان لە قوتابخانەکانمان و گرووپی میدیایی دەیپارێزین وەک خۆی بەردەوام دەبێت."
چی لەسەر جان هۆڵدینگ دەزانرێت؟
بەگوێرەی زانیاریی ماڵپەڕەکانی هۆڵدینگەکە، جان هۆڵدینگ لەرێگەی دەستپێشخەرییە بازرگانییەکانی زەمانهان جان، لەدایکبووی شارۆچکەی بازید سەر بە پارێزگای ئاگری باکووری کوردستان دامەزراوە.
زەمانهان جان، لە ساڵی 1972ـدا بە دامەزراندنی کۆمپانیای بازرگانی بە ناوی خۆیەوە دەستی بە کاری بازرگانی کردووە و لە ساڵی 1986 کۆمپانیاکانی لە ژێر چەتری جان هۆڵدینگدا کۆکردووەتەوە.
بارەگای سەرەکی ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی 1990 ـدا گویزراوەتەوە بۆ ئیستەنبووڵ.
کۆمپانیای جان هۆڵدینگ لە چەندین کەرتدا کاردەکات، لەوانە پەروەردە، وزە، ئامێرە ناوماڵە بەهێزەکان، تەکنەلۆژیا، لۆجستی، بەندەر، چاودێری تەندروستی و میدیا.
دامەزراوە پەروەردەییەکانی وەک زانکۆی بیلگی و کۆلێژەکانی دۆغا لە کۆمپانیاکانی ناو گرووپەکەدان.
هەموو پشکەکانی کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانی وەک هابەرتورک تیڤی، شۆ تیڤی، بلومبێرگ ئێچ تی، ئێچ تی سپۆر کە بەشێک بوون لە کۆمپانیای جینەر هۆڵدینگ، لە مانگی نیساندا گوێزراونەتەوە بۆ جان هۆڵدینگ.
زۆربەی ئەو 121 کۆمپانیایە کە دەستیان بەسەردا گیراوە، کۆمپانیاکانی وزە و سووتەمەنین.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی هۆڵدینگەکە، کۆمپانیای Enerji Petrol A.Ş. وەبەرهێنان لە پۆلە جیاوازەکانی وزە دەکات لەگەڵ کارگەی نەوتی کانزایی و دامەزراوەکانی "ئێنێرجی گاز".
هەروەها براندەکانی ئامێری ماڵەوەی بەهێزی Awox، Seikon، Telefox و Energia لەلایەن گرووپەکەوە خاوەندارێتی دەکرێن.
کۆمپانیای ڤی پی ترانسپۆرت لە کەرتی لۆجستیدا کاردەکات، لە هەمانکاتدا گرووپەکە خاوەنی دامەزراوەیەکی چاودێری تەندروستییە بە ناوی ئۆزەل مەدیزا هاستانسی. هەروەها کۆمپانیای جان هۆڵدینگ لەم دواییانەدا پشکی کۆمپانیای تەکفەن هۆڵدینگ ـی کڕیوەتەوە.
کۆمپانیای تەکفەن هۆڵدینگ رۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا بۆ پلاتفۆرمی ئاشکراکردنی گشتی رایگەیاند، کۆمپانیای جان هۆڵدینگ 17.56٪ ـی پشکەکانی لە کۆمپانیاکانیدا هەیە، بەڵام هیچ رێوشوێن و سزایەک بەسەریدا نەسەپێنراوە.