ئەردۆغان: داننانی ئیسرائیل بە سۆمالیلاند سوودی بۆ ناوچەکە نابێت


رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەییب ئەردۆغان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەسیوبیا رایگەیاند، داننانی ئیسرائیل بە سۆمالیلاند، سوودی بۆ سۆمالیلاند و نیمچەدوورگەی ئەفریقاش نابێت.
 
رۆژی سێشەممە، 17-02-2026، ئەرۆدغان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ ئابیی ئەحمەد، سەرۆکوەزیرانی ئەسیوبیا کە لە ئەدیس ئابابای پایتەختی ئەسیوبیا بەڕێوەچوو، باسی لە دۆخی ناوچەکە کرد.
 
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "ئێمە لەو باوەڕەداین و بە پێویستی دەزانین کێشەکانی نیمچەدوورگەی ئەفریقا لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە چارەسەر بکرێن. بە پێویستیشی دەزانین نیمچەدوورگەی ئەفریقا نەبێتە شوێنی ململانێی هێزە بیانییەکان".
 
ئەردۆغان ئیسرائیلی بە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی نیمچەدوورگەی ئەفریقا تۆمەتبار کرد و گوتی: "دەمەوێ جارێکی دیکە جەختی لەسەر بکەمەوە، داننانی ئیسرائیل بە سۆمالیلاند، سوودی بۆ سۆمالیلاند و نیمچەدوورگەی ئەفریقاش نابێت".
 
سۆماڵیلاند خاوەنی ئاڵا، پەرلەمان، دراو و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیەتی، بەڵام هەموو ئەوانە نەیانتوانیوە پێگەی دەوڵەت بەو ناوچەیە بدەن كە لە نیمچەدوورگەی ئەفریقا هەڵكەوتووە و تاوەكو ئێستاش لەسەر ئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی سۆمالیلاند وەك بەشێك لە سۆماڵ سەیر دەكرێ.
 
لە 26-12-2025دا ئیسرائیل بووە یەکەم وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە دان بە سەربەخۆیی سۆماڵیلاند بنێت.