رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایدەگەیێنێت، هەرچەندە قەیرانی وزە کاریگەریی لەسەر تورکیاش هەبووە، بەڵام بازاڕەکانی وزەی وڵاتەکەی "بەرگرییەکی بەرزیان" هەیە و دەڵێت، هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکان ستراتیژیی سەرەکیی ئەوانە.
ئەمڕۆ هەینی، 17ـی نیسانی 2026، لە کۆڕبەندی دیبلۆماسیی ئەنتاڵیا لە پانێڵێکدا لەژێر ناونیشانی "دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی وزەی جیهانیی: ئاسایش و نادڵنیایی"، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا گوتارێکی پێشکەش کرد.
بایراکتار ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا دەیەوێت لە رووی ئابووری و تەکنەلۆژیاوە زیاتر سوود لە سەرچاوە نوێبووەوەکانی وزە وەربگرێت و گوتی: "لە 25 ساڵی رابردوودا، بازاڕەکانی وزەی تورکیا بە گۆڕانکارییەکی گەورەدا تێپەڕیون. ئێمە بازاڕەکانمان بەڕووی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەتدا کردووەتەوە و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانمان خستووەتە نێو دڵی ستراتیژیی خۆمانەوە."
وەزیری وزەی تورکیا تیشکی خستەسەر ئەو ئاستەنگانەی لە رابردوودا رووبەڕووی وڵاتەکەی بوونەتەوە، لەوانە پەتای کۆرۆنا، ناجێگیریی نرخەکان و جەنگەکانی ناوچەکە، بەڵام گوتی، کە "سیاسەتە دیدگاییەکان" وایکردووە تورکیا لە بەرامبەر ئەم قەیرانانەدا سەقامگیرتر بێت.
لەبارەی هاوکارییە هەرێمییەکانیش، بایراکتار باسی لە پڕۆژەکانیان لەگەڵ ئازەربایجان و وڵاتانی دراوسێ کرد و رایگەیاند، پڕۆژە نێودەوڵەتییەکانی وەک "رێڕۆی گازی باشوور" پێویستییان بە ئیرادەیەکی سیاسی و ئابووریی بەهێز هەبووە کە تورکیا نیشانی داوە.
وەزیری وزەی تورکیا پێشبینی کرد خواست لەسەر وزە لە وڵاتەکەی بە شێوەیەکی جێگیر بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە، بۆیە وەک پلانی داهاتوو، تورکیا جگە لە نەوت و گازی سروشتی، کار لەسەر زیادکردنی سامانی وزەی ئەتۆمی و سەرچاوە نوێبووەوەکانی دیکە دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییە درێژخایەنەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ