رووداو دیجیتاڵ
بە هاوئاهەنگیی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتدا لە 9 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان، تۆڕێکی تاوانی ئەلیکترۆنی هەڵوەشێندرایەوە کە زانیارییەکانی دەوڵەت و داتا کەسییەکانی هاونیشتمانیانیان هاک کردبوو.
رۆژی هەینی، 17ـی نیسانی 2026، دەزگای میت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی، فەرماندەیی جەندرمە و دەستەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە داراییەکان (MASAK)، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان دژی تۆڕێک کرد کە سیستمی زانیاریی دامودەزگا گشتییەکانیان کردبووە ئامانج.
ئۆپەراسیۆنەکە لەژێر سەرپەرشتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرە کرا و شارەکانی (ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ، کۆنیا، دیلۆک، رووها، مانیسا، مێردین، ئێلیە، چاناککاڵە و جۆلەمێرگ)ی گرتەوە، کە تێیدا 12 گومانلێکراو دەستگیرکران.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، تۆڕەکە لە رێگەی هاککردنەوە دەستیان بەسەر هەژماری بەکارهێنەرانی دامودەزگا فەرمییەکاندا گرتووە و لەو رێگەیەوە کاری نایاساییان کردووە. هەروەها دەرکەوتووە کە داتا دەستکەوتووەکانیان لە رێگەی سیستمێکی "بریکاریی" بە مەبەستی بازرگانی بە لایەنی سێیەم فرۆشتووە.
لە کاتی پشکنینی ناونیشانەکاندا، دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر سێرڤەر، سیستمی کۆگای داتا، جزدانی دراوی دیجیتاڵی (کریپتۆ) و کەرەستەی تەکنیکیدا گیراوە کە پەیوەندییان بە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەوە هەبووە.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ئەو گومانلێکراوەی کە وەک "مێشکی تەکنیکی" تۆڕەکە دادەنرێت و ژێرخانی ئەلیکترۆنیی سیستمەکەی دامەزراندووە، لە شاری مێردین دەستگیرکرا. ئەو کەسە بۆ شاردنەوەی ناسنامەی خۆی، ناوی نهێنیی بەکارهێناوە و سەرپەرشتیی فرۆشتنی داتا کەسییەکانی کردووە.
ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکان بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکان وردبینی لەو کەرەستە دیجیتاڵییانە دەکەن کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستیان بەسەردا گیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ