ئەو گەنجەی لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی "تورک نیم، بەڵکو کوردم" ئازاد کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

گەنجێكی کورد بەناوی عەلی چەڤەن دوای ئەوەی پار لە هەڤپەیڤینێکی سۆشیاڵ میدیادا لە ئیستەنبووڵ گوتی، "من تورک نیم، بەڵکو کوردم" و بە بڕیاری دادگە خرایە زیندانەوە، شەوی رابردوو ئازاد کرا.
 
عەلی چەڤەن کە لە هەمان کاتدا سەرۆکی پلاتفۆرمی لاوانی سەربەخۆیە، دوای ئەو هەڤپەیڤینە، رۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2024 لە ماڵەکەی خۆی لە ئیستەنبووڵ دەستبەسەر کرا و بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە بە بڕیاری دادگە خرایە زیندانەوە.
 
دۆسیەی عەلی چەڤەن رۆژی 16ی ئەیلوولی 2024 لە 14یەمین دادگەی سزا قورسەکانی چاغڵایانی ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو. دادگە بڕیاری ئازادکردنی عەلی چەڤەنی دا و درەنگانی شەو لە گرتووخانە ئازاد کرا.
 
پارێزەر سوبحی ئۆزگەن دوای ئازادکردنی لە بەردەم گرتووخانەکە وێنەی عەلی چەڤەن و ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە پێشوازییان لێکرد.
 
هەڤپەیڤینەکەی ئەو گەنجە کوردە رۆژی 29ی تشرینی یەکەمی 2024 تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە تورکیا و باکووری کوردستان تەنی و بووە ترێند، تەنانەت قسەکانی بە زمانی ئینگلیزی دۆبلاژکران و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشکران.
 
سوبحی ئۆزگەن پارێزەری عەلی چەڤەن رایگەیاند، بریکارەکەی لەکاتی دەستبەسەرکردنیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە خراپ مامەڵەی لەگەڵ کراوە و لێیدراوە.
 
دواتر بارۆکانی پارێزگاکانی سێرت، رووها و ئامەد لە رێگەی بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوی نووسراو ئاماژەیان بەوەدا بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە دەکەن.
 
پلاتفۆرمی لاوانی سەربەخۆ(PCS) لەلایەن کۆمەڵێک گەنجی کوردەوە دامەزراوە. لە پێنجی تشرینی دووەمی 2023ـدا 10 ئەندامی ئەو پلاتفۆرمە لە ئامەد چالاکییەکیان رێکخست و سوێندیان خوارد، لە ژیانی رۆژانە و لە دامودەزگا حکومییەکانی باکووری کوردستاندا جگە لە کوردی بە هیچ زمانێکی دیکە قسە نەکەن.