حكومهتی توركیا كۆدهبێتهوه و پرۆسەی چارەسەری لە مژارە سەرەکییەکان دەبێ
رووداو دیجیتاڵ
کابینەی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە. یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەش پرۆسەی چارەسەریی پرسی کوردە و هەنگاوە پێویستەکان تاوتوێ دەکرێن.
کۆبوونەوەکە کاژێر 15:00 ـی ئەمڕۆ دووشەممە 17 ـی تشرینی دووەمی 2025 بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە دەستپێدەکات.
لە کۆبوونەوەکەدا کارەکانی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، لەگەڵ دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆسە لەگەڵ پەکەکە هەڵدەسەنگێندرێن.
چاوهڕوان دهكرێ لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتهكانی سووریاش تاوتوێ بكرێن و پرسی هەسەدە و تێکەڵکردنەوەی لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەتی سووریا لە مژارەکان دەبن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە بارهەڵگرەکەی سوپای تورکیا لە سنووری ئازەربایجان-جۆرجیا کە تێیدا 20 سەرباز گیانیانلەدەستدا، تاوتوێ دەکرێ.
پێشتر راگەیێندرابوو، بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە تیمێک لە سوپای تورکیا راسپێردراوە. چاوەڕوان دەکرێ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا ئەنجامی لێکۆڵینەوەی تیمەکە پێشکێشی کۆبوونەوەکە بکات.
چاوەڕوان دەکرێ رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بڕیارەکانی حکومەت بە رای گشتی رابگەیێنێت.