رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە) بە پێویستی دەزانێت، ''هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بوەستێندرێن'' و دانوستاندنەکان لەبارەی ئەتۆم لەگەڵ ئێران دەستپێبکەنەوە، ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت تورکیا لە دۆخێکی وەهادا بەرەی نێوخۆی بەهێز بکات.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە رۆژی سێشەممە، 17ی حوزەیرانی 2025 لە گرتووخانەی ئەدیرنەوە، لە رێی دەستنووسێکەوە بە ناونیشانی ''کاتی بوێرییە، نەوەک حەماسەت'' پەیامێکی لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل بڵاوکردەوە.
دەمیرتاش دەستنووسەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات: ''رژێمی ئێران ساڵانێکی زۆرە بە تەواوی بە رووی دیموکراسی و مافی مرۆڤەوە داخراوە، بەم هۆیەوە ناحەقیێکی زۆر بەرامبەر بە هاونیشتیمانییانی خۆی کردووە. بەڵام هیچ هۆکارێک هی ئەوە نییە وا بکات دەستوەردانی ئیمپریالیستی بکرێت''.
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە هەروەها نووسیویەتی، دەبێت ''هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بوەستێندرێن'' و دانوستاندنەکان لەبارەی ئەتۆم لەگەڵ ئێران دەستپێبکەنەوە، گوتیشی: ''بەڵام ئەمەی دەیبینین ئەوەیە؛ ئیمپرالیستییەکان، هەتاوەکو ئەنجامەکان لە بەرژەوەندیی خۆیان کۆتاییان پێ نێت، لە دەستوەردانەکانیان بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ناوەستن''.
دەمیرتاش پێی وایە، لە دۆخێکی وەهادا دەبێت هەوڵ بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بدرێت و بەرەی نێوخۆ بەهێز بکرێت، هەروەها گوتیشی: ''دەبێت بانگەوازەکەی 27ی شوباتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە بنچینە وەربگیرێت، نابێت هیچ بەربەستێک بۆ پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدادانی پەکەکە دروست بکرێت. دەبێت هەموو لایەنەکان بە زوویی و بە بوێرییەوە کار بۆ ئەمە بکەن''.
بە بۆچوونی دەمیرتاش، یەکێک لەو هەنگاوانەی بەرەی نێوخۆ لە تورکیا بەهێز دەکات، ئازادکردنی "سیاسەتڤانان و سەرۆکشارەوانییەکانە" باسی لەوەش کرد: ''دەبێت کۆتایی بە گێچەڵەکانی دەسەڵاتی دادوەری بهێندرێت، کە نە خزمەت بە بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆ دەکات، نە خزمەت بە بەهێزکردنی هەستی دادپەروەری دەکات''.
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە گوتی، لە دۆخێکی وەهادا نابێت هیچ لایەنێکی تورکیا بەدوای ''بەرژەوەندیی سیاسییەوە بێت، کە ئەنجامی مەترسیداری لێبکەوێتەوە. با هەمووان لەیادیان بێت، ئیمپریالیزم هەتاوەکو خۆی هەزار دەستکەوت بەدەستنەهێنێت، یەک دەستکەوتیش نادات بە کەس. ئێمە وەک کۆمەڵگەی تورکیا، لەم دۆخەدا دەبێت یەکگرتوو و یەکدەست بین. ئەگەر پێویست بکات، لە ئەدیرنەوە تاوەکو هەکاری (جۆڵەمێرگ)، دەبینە سوپایەکی گەل کە لە 86 ملیۆن کەس پێکبێت''.
دەمیرتاش باس لەوە دەکات، تورکیا دەتوانێت کێشەکانی لە ناوخۆی وڵاتەکەی ''بە رۆحییەتی برایەتییەوە'' چارەسەر بکات، ئاماژە بەوەش دەکات: ''هەر هەوڵ و رێگەیەکی دیکە بەدەر لەمە، بەرەو بەڵامان دەبەن. بۆ ئەمەیش، دەبێت دوور بین لە مامەڵەیەکی تۆڵەسێنانە و رقدارانە، دەبێت بوێر و دڵسۆز دەبین''.
بە بۆچوونی هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆ لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنە سیاسییەکانی تورکیایە، هەروەها گوتیشی: ''مادام پاشناوی هەموومان تورکیایە، کەواتە داوا لە هەمووتان دەکەم لە چواردەوری ئەم پاشناوە یەکبگرن''.
دەمیرتاش جەختی لەوە کردووەتەوە، دەبێت تورکیا پێشبینی هەموو ئەگەرێک بۆ جەنگی ئێران و ئیسرائیل بکات، ئاماژەی بەوەش کرد: ''دەبێت بەرنامەیەک بۆ سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوە بەشێوەی ماوەکورت، مامناوەند و درێژ دابڕێژرێت. پێویستە لەسەر داوای سەرۆککۆمار، لە ماوەیەکی نزیکدا هەموو سەرۆکی پارتە سیاسییەکان لە پەرلەمان کۆبوونەوەیەک بۆ ئەم مەبەستە ساز بکەن''.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: ''بێگومان رۆژێک ئەم گەردەلوولە دادەمرکێتەوە و ئێمەش وەک گەلانی دێرینی ئەم خاکە، بەیەکەوە لێرە بە ئازادی و یەکسانی دەژین''.
بابەتی بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆ لە تورکیا لە کاتێکدایە، بەشێک لە بەرپرسانی تورکیا دەڵێن: ''ئیسرائیل لەدوای ئێران، تورکیا دەکاتە ئامانج''.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 13ی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل لەڕێی ئۆپەراسیۆنی ''شێری راپەڕیو'' هێرشی کردە سەر ئێران. کەمتر لە 20 کاژێر، ئێرانیش لەڕێی ئۆپەراسیۆنی ''پەیمانی راست 3'' هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردن، تاوەکو ئێستاش جەنگەکەیان بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ