دەم پارتی لەبارەی مشتومڕی ئەمڕۆی پەرلەمانی تورکیا: بەهۆی 'زمانی ژەهراوی'ـیەوە هۆڵەکەمان بەجێهێشت
رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو مشتومڕانەوە ئەمڕۆی بڵاوکردەوە کە لە کۆبوونەوەی "لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا دروستببوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، لە پەرلەمانی تورکیا 11یەمین کۆبوونەوەی لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بەڕێوەچوو. ئەم دانیشتنە تایبەت بوو بە گوێگرتن لە کەسایەتییە ئەکادەمییەکان و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
مەحمەد بەکر شیمشەک، سەرۆکی کۆمەڵەی بزووتنەوەی زانستی فێرکردن و بانگەوازی ئیسلامی (ئیتتیحاد) لە پەرلەمانی تورکیا، گوتارێکی پێشکێش کرد و بەهۆی گوتارەکەوە گرژی روویدا. لە کاتی گوتارەکەیدا، ئەندامانی دەم پارتی هۆڵەکەیان جێهێشت، هەروەها دوو پەرلەمانتاری جەهەپە-ش بە دەنگی بەرز گوتیان: "گوێ لەوانە ناگرین بە کۆت و بەندەوە خەڵکیان ئەشکەنجە داوە" و هۆڵەکەیان بەجێهێشت. فەتی یڵدز، ئەندامی مەهەپە-یش کاردانەوەی توندی بەرامبەر قسەکانی شیمشەک نیشاندا.
لەمبارەیەوە دەم پارتی، ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن لیژنەکەیان جێهێشتووە و دەڵێت، "لە لیژنەکە نەکشاوینەتەوە؛ بەهۆی سووربوونی میوانێک لەسەر بەکارهێنانی زمانی ژەهراوی، تاوەکو کۆتاییهاتنی گوتارەکەی، هۆڵەکەمان بەجێهێشت."
لە راگەیێندراوەکەدا، کە واژۆی هەریەک لە گوڵستان کلچ کۆچیغیت، مەرال دانش بێشتاش، حەقی ساروهان ئۆلوچ، جەلال فرات و جەنگیز چیچەکی ئەندامانی لیژنەکە لەسەرە، هاتووە: "زمانی ئاشتی لە ئاخاوتنەوە دەستپێدەکات. نوێنەرێک کە بانگهێشتی لیژنەکە کرابوو، هەوڵیدا بە بەکارهێنانی زمانێکی دژە چارەسەری و جیاکاری، پرۆسەکە بەلارێدا ببات."
دەم پارتی، ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەم زمانە پڕ لە رق و کینەیە نەک تەنیا دەم پارتی، بەڵکو پەرلەمانتارانی پارتەکانی دیکەشی نیگەران کرد. ناتوانین رێگە بدەین لیژنەیەک کە بۆ چارەسەری و ئاشتی دامەزراوە، بکرێتە شوێنی پێشکێشکردنی 'چۆن ئاشتی نایەتەدی'."
جەخت لەوە کراوەتەوە لیژنەکە تاوەکو ئێستا سەکۆیەک بووە بۆ دەربڕینی بۆچوونە جیاوازەکان بە شێوەیەکی دیموکراسییانە و هاتووە: "وەک دەم پارتی، بەردەوام دەبین لەسەر بەرپرسیارێتیی خۆمان بۆ خستنەڕووی زمانی ئاشتی و هزری چارەسەریی دیموکراسی."
دەم پارتی، پێیوایە لیژنەکە لە داهاتوودا پێویستە کار لەسەر یاساکانی قۆناخی راگوزەر، یاسای جێبەجێکردن، رێکخستنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یاسای سزادانی تورکیا، هەروەها بابەتی ئیدارە خۆجێیەکان بکات.
هەروەها ئاماژە بە بڕیارێکی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا کراوە لەبارەی "مافی هیوا" و بە "گرنگییەکی مێژوویی" وەسفکراوە کە ئاماژەی بە لیژنەکە کردووە بۆ ئەنجامدانی رێکخستنی یاسایی، کە دەتوانێت "بەشدارییەکی گرنگ لە داهاتووی ئاشتییانەی گەلانی تورکیادا بکات."