رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و دەم پارتی بە تووندی وەڵامی ئەو دروشم و سووکایەتییانە دەدەنەوە کە لەلایەن بەشێک لە هاندەرانی یانەی بورساسپۆرەوە دژی لەیلا زانا، سیاسەتڤانی کورد گوترانەوە و بە "زیانگەیاندن بە یەکڕیزی و پێکەوەژیان" ناوی دەبەن.
رۆژی سێشەممە 16-12-2025، دوای یاریی نێوان یانەی بورساسپۆر و سۆماسپۆر لە خولی پلە دووی تورکیا، هاندەرانی یانەی بورساسپۆر درووشمی سووکایەتییان دژی لەیلا زانا گوتەوە، ئەمەش کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە.
محەممەد غالیب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئامەد و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ژینگەی پەرلەمانی تورکیا، رۆژی چوارشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "بە تووندی ئەو گوتە سووکایەتیئامێزانە سەرکۆنە دەکەم، کە لەلایەن بەشێک لە هاندەرانەوە لە بورسا بەرامبەر لەیلا زانا بەکارهێنران."
ئەنساریئۆغڵو هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەم جۆرە دەربڕینانە زیان بە یەکڕیزی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیمان دەگەیێنن و زەمینە بۆ دەستوەردانی ئەو لایەنە تاریکانە خۆشدەکەن، کە بە پرۆسەی 'تورکیای بێ تیرۆر' نیگەرانن."
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی داوا لە هاووڵاتییان دەکات بە وردی خۆیان لە گوتاری جوداخوازانە بەدووربگرن کە دژی گیانی وەرزشییە و "نەکەونە ژێر کاریگەریی هەڕەشەکانی ئاژاوەگێڕییەوە."
دەم پارتی: دەرەنجامی سیاسەتی بێ سزاییە
هاوکات مەراڵ دانیش بێشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەبارەی رووداوەکەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەو جنێوانەی بە لەیلا زانا دەدرێن، دەرەنجامی سیاسەتی بێ سزاییە کە تاوەکو ئەمڕۆ بەرامبەر تاوانەکانی دژ بە ژنان و کورد پەیڕەو کراوە."
بە بڕوای بێشتاش، لەو شوێنەی جنێو بە ژنان و کورد دەدرێت "تاوانی سەرەکی لە ئەستۆی ئەو بەرپرسانەیە کە بێدەنگن."
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی رەخنەی تووند لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا (TFF) و بەڕێوەبەرایەتیی یانەی بورساسپۆر دەگرێت بەوەی ئەرکی خۆیان جێبەجێ ناکەن و دەڵێت: "ئەوانەی چاوپۆشی لە رەگەزپەرستی و تاوانی رق و کینە دەکەن، هێندەی بکەران تاوانەکە بەرپرسیارن. پێویستە گۆڕەپانەکانی وەرزش ببنە بواری پێکەوەژیان، نەک رق و کینە."
چی روویدا؟
رۆژی سێشەممە 16-12-2025، یانەی سۆماسپۆر لەنێو یاریگە و هاندەرانی خۆیدا میوانداریی یانەی بورساسپۆری کرد. لەکاتی یارییەکەدا، گرووپێک لە هاندەرانی بورساسپۆر، درووشمی سووکایەتیئامێزیان دژی لەیلا زانا گوتەوە کە یەکێکە لە ناوە دیارەکانی سیاسەتی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ