رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێ، بەرپرسی سەرەکیی جەنگی ناوچەکە ئیسرائیلە، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە هەڵەن و قبووڵ ناکرێن.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 19ی ئاداری 2026، لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ وڵاتانی کەنداو، دوای سعودیە گەیشتە قەتەر و لەگەڵ عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر کۆبووەوە.
وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات دوای کۆبوونەوەکە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان ئەنجامدا و تێیدا باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کرد.
هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە ناوچەکە لە نێو تەنگژەیەکی بێوێنەدایە و گوتی: "دەبێت بە راشکاوی بگوترێ کە بەرپرسی یەکەمی ئەم جەنگەی ناوچەکەمانی خستووەتە نێو ئەم تەنگژە گەورەیەوە، ئیسرائیلە. ئەم هێرشانەی کە بە شەڕەنگێزییەکانی ئیسرائیل دەستیان پێکردووە، نەک تەنیا ناوچەکەمان دەکەنە مەیدانی جەنگ، بەڵکو سەقامگیریی جیهانیشیان هەژاندووە."
هاکان فیدان تیشکی خستە سەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و گوتی: "هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە هەڵەن، بێ پاساون و قبووڵ ناکرێن. دەبێت ئێران دەستبەجێ ئەم هێرشانە رابگرێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند، بۆ راگرتنی جەنگ، لەگەڵ ئەمریکا و ئێران لە پەیوەندیدان و هەوڵ دەدەن رێگە لە خراپتربوونی دۆخەکە بگرن.
هاکان فیدان هێرشەکانی سەر ژێرخانی مەدەنیی قەتەریشی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، تورکیا لە هەموو دۆخێکدا لەگەڵ قەتەرە.
عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەریش سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر وێستگەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیی (رەئس لەفان) کرد و گوتی: "بەندەری رەئس لەفان کە ئێران لێی دا، سەرچاوەی بژێوی و داهاتی گەلی قەتەرە. ئەم هێرشە کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی دەبێت."
سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە گوایە ئێران بنکەی ئەمریکای کردووەتە ئامانج و ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی مافی وەڵامدانەوەی ئەم هێرشانەی هەیە.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکردووە. ئەمریکا و ئیسرائیل رۆژانە شارەکانی ئێران بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان دەکەن و ئێرانیش بە هێرشی مووشەکی و درۆن وەڵام دەداتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ