رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی مەهەپە داوا دەکات، لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکبهێندرێت. پەرلەمانتارێکی کوردی جەهەپە-ش پشتیوانیی دەکات و داواکە بە هەنگاوێکی "زۆر گرنگ" وەسف دەکات.
رۆژی 18ی ئایاری 2025 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە هەژماری فەرمیی پارتەکەی لە تۆڕی ئێکس جەختی لەوە کردەوە، باشترین بژاردە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە ئەوەیە، لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بە بەشداری و پاڵپشتیی هەموو پارتە سیاسییەکان پێکبهێندرێت.
سەرۆکی مەهەپە پێشنیازی بۆ نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد، دەستپێشخەری بکات بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بە ناوی "ستراتیژیی سەت ساڵەی تورکیای بێ تیرۆر؛ لیژنەی یەکدەنگی و یەکێتیی نەتەوەیی."
ئەمڕۆ 19ی ئایاری 2025 سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری کوردی جەهەپە لە بازنەی ئامەد، پشتیوانی خۆی بۆ داواکەی دەوڵەت باخچەلی راگەیاند. لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، داواکەی باخچەلی بە "هەنگاوێکی زۆر گرنگ" وەسف کرد.
سەزگین تانریکوڵو راشیگەیاند، هەرچەندە خۆی خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بووە، بەڵام داواکەی باخچەلی بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ ناوبرد.
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی جەهەپە ئەوەشی خستەڕوو، لە دەستپێکی یەکەم پرۆسەی چارەسەری کێشەی کورد کە ساڵی 2013 هەنگاوەکانی بۆ نرا، ساڵی 2014 رەشنووسی پرۆژە یاسایەکی بەناوی "یەکێتیی نەتەوەیی" پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد. تێیدا 21 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر رەشنووسەکە کرد.
سەزگین تانریکوڵو لە پۆستەکەیدا وێنەی رەشنووسی پرۆژە یاسا پێشکێشکراوەکەی و واژۆی پەرلەمانتارەکانیشی بڵاوکردەوە.
دەوڵەت باخچەلی لە پۆستەکەی شەوی رابردوویدا نوسیبووی: ''بە راگەیاندنی بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخوازی پەکەکە، چووینەتە قۆناخێکی هەستیار؛ قۆناخێک پێویستی بە پشوودرێژییە''.
باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا پاڵپشتی لە پرۆسەی چارەسەری بکەن و خۆیان لە بەکارهێنانی ''زمانێکی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە'' بەدووربگرن کە بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکات.
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی پێیوایە، وڵاتەکەی هەمیشە پارێزگاری لە یەکپارچەیی خۆی کردووە؛ جەختی لەوەش کردەوە: ''تورکیا هەرگیز هەوڵی بۆ دانوستاندن و ئاگربەست لەگەڵ تیرۆریزم نەداوە و ناشیدات''.
باخچەلی باسی لەوەش کرد: ''بەرقەرارکردنی ئاشتی و بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆ، قەرزی وەفای ئێمەیە بۆ مێژوو، باووپابیران و نەوەکانی ئاییندەمان. کۆماری تورکیا ئەم قەرزە دەداتەوە و بەڵای تیرۆری جوداخواز لە رۆژەڤی خۆی دەسڕێتەوە''.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ