دادگەی دەستووریی تورکیا داواکاریی بلۆککردنی هاوکارییەکانی هەدەپەی رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی دەستووریی تورکیا داواکارییەکی دادگەی باڵای وڵاتەکەی رەتکردەو،ە کە دەیویست هاوکارییەکانی خەزینەی حکومەت بۆ هەدەپە بلۆک بکرێت.
رۆژی دووشەممە 19-6-2023، دادگەی دەستووری لەسەر داواکاریی دادگەی باڵای تورکیا کۆبووەوە، کۆبوونەوەکەی دادگە تایبەت بوو بەو هاوکارییە داراییەی لە خەزینەی حکومەتەوە بە هەدەپە دەدرێت.
دادگەی دەستووریی تورکیا رایگەیاند، بە پێویستی نازانن لەم قۆناخەدا بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدەن.
رۆژی 13-6-2023، دادگەی باڵای تورکیا داوای کرد بەهۆی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایار، هاوکارییەکانی حکومەت بۆ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بلۆک بکرێن. ئەو هاوکارییە بەگوێرەی بڕگەی (1) لە یاسای پارتە سیاسییەکان بە هەدەپە دەدرێت و بڕەکەی 400 ملیۆن و 228 هەزار و 776 لیرەیە کە دەکاتە نزیکەی 17 ملیۆن دۆلار.
پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە بەهۆی ئەوەی مەترسیی داخستنی لەلایەن دەسەڵاتەوە لەسەر بوو، لەسەر ناوی پارتی چەپی سەوز - یەسەپە بەشداری لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 14ی ئایاردا کرد. یەسەپە 61 کورسیی لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمانی تورکیا بردەوە. لەکاتێکدا هەدەپە ساڵی 2018 توانیبووی 67 کورسی بباتەوە.
هەدەپە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریشدا پشتگیریی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت کرد کە لە بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهووردا شکستی هێنا.