ئاکپارتی لە راپۆرتی پرۆسەی چارەسەریدا تێکەڵبوونی هەسەدەی لەگەڵ دیمەشق کردووەتە مەرج

رووداو دیجیتاڵ
 
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) راپۆرتی خۆی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، لە راپۆرتەکەدا تێکەڵبوونی هەسەدەی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق کردووەتە مەرج. 
 
راپۆرتەکەی ئاکپارتی کە لە 15 بەش و 60 لاپەڕە پێکدێت، رۆژی پێنجشەممە 18ی کانوونی یەکەمی 2025 پێشکێشی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆک ئاکپارتی کرابوو. 
 
دوای وەرگرتنی بۆچوونی ئەردۆغان، ئەمڕۆ هەینی 19ی کانوونی یەکەمی 2025 لەلایەن مستەفا شەن، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی و عەبدولحەمید گوڵ، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو پارتە و جونەید یوکسەل، سەرۆکی کۆمیسیۆنی داد، راپۆرتەکە رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا.
 
دوای پێشکەشکردنی راپۆرتەکە عەبدولحەمید گوڵ، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی رایگەیاند، پێشنیازیان کردووە یاسایەکی تایبەت، سەربەخۆ و کاتی دەربکرێت و هەنگاوی پێویست لە رووی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و بەدیموکراتیکردنەوە بنرێن. گوتیشی: "ئاکپارتی پێشنیازی دامەزراندنی میکانیزمێکیشی کردووە بۆ تۆمارکردن و پشتڕاستکردنەوەی چەکدانان".
 
گوڵ، ناونیشانەکانی نێو راپۆرتەکەی کورتکردەوە و گوتی، لە راپۆرتەکەدا ناونیشانەکانی وەکو کارە گشتییەکان لە تورکیا، تێڕوانینی ئاکپارتی بۆ پرسەکە، ئەو هەنگاوانەی لە سەردەمی ئاکپارتیدا نراون، هەوڵەکانی چارەسەری، ئامانجی سەدەی تورکیا، ئاماژەدان بە گوتەی ئەو کەسانەی لە لیژنەکەدا گوێیان لێگیراوە، پێکهێنانی میکانیزمی دیاریکردن و پشتڕاستکردنەوە و ئەرکی ئەم میکانیزمە، کاریگەرییە ئابوورییەکان، پێشنیازە نێودەوڵەتییەکان و مۆدێلی تورکیا، هەن.
 
چەند خاڵێکی نێو راپۆرتەکەی ئاکپارتی:
 
یاسای تایبەت دەردەکرێت
 
یاسایەکی تایبەت سەبارەت بە پەکەکە دەردەکرێت کە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و چەک دادەنێت. پلانی بۆ دادەنرێت کە یاسا چوارچێوەییەکە بۆ ماوەی یەک ساڵ سنووردار بکرێت.
 
ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە تێوەنەگلاون لە تاوان، دوای دەرکردنی رێکاری یاسایی دێنە سەر سنوور. لەلایەن تیمی تایبەتەوە وەردەگیرێن و رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر. بەڵام ئەوان ناخرێنە زیندان و بۆ ماوەی پێنج ساڵ بە مەرج ئازاد دەکرێن. بۆ ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە تاوان و ئێستا لە زیندانن، سزاکانیان کەمدەکرێتەوە.
 
قەییوم هەڵدەگیرێت
 
دانانی قەییوم هەڵدەگیرێت. هەنگاو لەبارەی لیژنەکانی چاودێریی زیندانەکانەوە دەنرێت. لە چوارچێوەی بەدەستهێنانەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە، دەستەیەکی هاوئاهەنگی پێکدەهێنرێت کە نوێنەری هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی تێدا دەبێت و ئەو هەنگاوانە دیاری دەکات کە دەبێت بنرێن.
 
مافی هیوا نییە
 
 لە قۆناخی کۆتاییدا، پاکێجێکی بەرفراوانی دیموکراتیزەکردن دەردەکرێت. لەنێو پرۆسەکەدا، رێکخستنەوەی وەکو لێبووردنی گشتی و مافی هیوا پێشبینی ناکرێت.
 
مەرجی هەسەدە
 
لە راپۆرتەکەدا، پابەندبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە رۆژئاوای کوردستان بە رێککەوتنی 10ـی ئادار کراوەتە مەرج کە تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق لەخۆدەگرێت. 
 
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا جەخت لەسەر شیاندنەوەی ئەندامانی پەکەکە کراوەتەوە.
 
کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، لە پەرلەمانی تورکیادا پێکهێنراوە، لە چوارچێوەی 19 کۆبوونەوەدا گوێی لە چین و توێژە جیاوازەکان گرت. بەمەش قۆناخی گوێگرتن کۆتاییهات و پێی نایە قۆناخێکی نوێ کە ئامادەکردنی راپۆرتی کۆمیسیۆنەکەیە. 
 
هەریەک لە ئاکپارتی جەهەپە، مەهەپە، دەم پارتی، پارتی کرێکارانی تورکیا، پارتی رەنج و پارتی چەپی دیموکرات، و پارتی رێگەی نوێ راپۆرتی خۆیان پێشکێش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە. 
 
بڕیارە دوای وەرگرتنی راپۆرتی سەرجەم لایەنەکان، تیمێکی تایبەت راپۆرتی کۆتایی ئامادە بکات و پاش پەسندکردنی لەلایەن ئەندامانی کۆمیسیۆنەوە، پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا بکرێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەم پارتی، شاندی ئیمراڵی دەم پارتی کە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، میتحات سانجار و ئۆزگور فایک ئەرۆل، رۆژی شەممە، 20ـی کانوونی یەکەم کاژێر 14:00 لە پەرلەمانی تورکیا سەردانی ئاکپارتی دەکەن.