سۆسیالیست: حکومەتی تورکیا گاڵتە بە کورد دەکات

20-04-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە تورکیا رەخنەی تووند لە حکومەتی ئەو وڵاتە دەگرێت بەهۆی دامەزراندنی تەنیا 6 مامۆستای زمانی کوردی بۆ ئەم ساڵ و دەڵێت، "دەسەڵات گاڵتە بە کورد دەکات."
 
رۆژی هەینی 18ی نیسانی 2025 وەزارەتی پەروەردەی تورکیا لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی، دامەزراندنی 15 هەزار مامۆستای گرێبەستی بڵاوکردەوە و راشیگەیاند، بۆ مامۆستای زمانی کوردی 6 کەس دادەمەزرێنن کە 5یان بۆ شێوەزاری کرمانجی و مامۆستایەکیش بۆ شێوەزاری کرمانجکی (زازاکی) دەبێت.
 
پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە شەوی شەممە 19-04-2025 بڵاویکردووەتەوە، رەخنەی تووندی لە حکومەتی تورکیا گرت و رایگەیاند، "لە کاتێکدا هەزاران مامۆستای گرێبەست چاویان لە مژدەی دامەزراندنی هەمیشەیی بوو، زۆر دڵخۆش بووین بە بڕیاری دامەزراندنی 15 هەزار مامۆستا بۆ سەرجەم پسپۆڕییەکان، بەڵام زۆر نیگەران و بێهیوا بووین بەوەی لە کۆی 15 هەزار مامۆستا تەنیا 6 مامۆستا بۆ زمانی کوردی لەم ساڵەدا دابین کرا."
 
پارتی سۆسیالیستی کوردستان دەڵێت، چەند مانگێکە دەسەڵات رۆژانە درووشمەکانی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و "برایەتی هەزار ساڵەی کورد - تورک" دەڵێتەوە، کەچی لە بابەتی دامەزراندندا تەنیا 6 مامۆستا دادەمەزرێنێت.
 
ئەو پارتە کوردییە پێیوایە، "ئەمە گاڵتەکردنە بە کورد، هەروەها دەیسەلمێنێت سیاسەتی نکۆڵیکردن و پاکتاوی نەژادی بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە."
 
پسک لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا داوا دەکات ژمارەی دامەزراندنی مامۆستای کوردی زۆر زیاتر بکرێت و، "چیدی ئەم ستەمە لە مامۆستایانی کورد نەکرێت." دەشڵێت: "درێژە بە خەباتی مەدەنی و سیاسیمان دەدەین بۆ ئەوەی زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمیی خوێندن لە تورکیا. هەموو کارێکیش دەکەین لە پێناو گەیشتن بەم ئامانجە."
 
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، تورکی تاکە زمانی فەرمیی خوێندنە، بەڵام لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکان دەخوێندرێت. ناونووسین بۆ وانەی بژاردە، پۆلەکانی 5 تاوەکو 8 ـی سەرجەم قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەگرێتەوە.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لە ساڵانی 2012 تاوەکو 2022دا 189 مامۆستای زمانی کوردی دامەزراون کە 147 مامۆستای کورانجی و 42 ـی مامۆستای کرمانجکی بوون. لە ساڵی 2023دا تەنیا 2 مامۆستا و لە 2024یشدا 10 مامۆستای دیکە دامەزرێندران کە شەشیان مامۆستای کومانجی و چواریش بۆ کرمانجکی بوون. بەوەش کۆی گشتی ژمارەی مامۆستایانی دامەزراو گەیشتە 201 مامۆستای کوردی بۆ هەردوو شێوەزارەکە. 45 مامۆستایان بەشەکانیان گۆڕیوە و 10 مامۆستاش بوونە فەرمانبەری حکومی یان دەستیان لە مامۆستایەتی هەڵگرتووە. ئێستا 146 مامۆستای زمانی کوردی دامەزراو هەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە