لە تورکیا رێژەی منداڵان روو لە دابەزینە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێژەی منداڵان لە نێو کۆی دانیشتووانی تورکیا بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی دابەزیوە و ئێستا تەنیا 24.8٪ی دانیشتووان پێکدەهێنن. بەپێی ئامارەکان، زۆرترین رێژەی منداڵ لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستانە.
 
دامەزراوەی ئاماری تورکیا (TÜİK) نوێترین داتاکانی لەبارەی دانیشتووانی وڵاتەکەوە بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەرکەوتووە رێژەی منداڵان بەراورد بە پار دابەزیوە. لە کاتێکدا پار رێژەی منداڵان 25.5٪ بوو، ئەمساڵ بۆ 24.8٪ دابەزیوە، کە ئەمەش نزمترین ئاستە لەوەتەی ئامارەکان لە ساڵی 1935ەوە تۆمار دەکرێن.
 
بەپێی سیستەمی تۆمارکردنی دانیشتووان (ADNKS)، تاوەکو کۆتایی پار، ژمارەی دانیشتووانی تورکیا گەیشتووەتە 86 ملیۆن و 92 هەزار و 168 کەس، لەو ژمارەیەش 21 ملیۆن و 375 هەزار و 930 کەسیان منداڵن (تەمەن 0-17 ساڵ). لەو رێژەیەش 51.3٪یان کوڕ و 48.7٪یان کچن.
 
لەسەر ئاستی تورکیا و باکووری کوردستان، پارێزگای رووهای باکووری کوردستان بە رێژەی 43.3٪ زۆرترین رێژەی منداڵانی تێدایە. لە بەرامبەردا پارێزگای دەرسیم بە رێژەی 15.9٪ کەمترین رێژەی منداڵانی تێدا تۆمارکراوە. شارەزایان پێشبینی دەکەن ئەم رێژەیە بەردەوام بێت لە دابەزین و تاوەکو ساڵی 2030 بگاتە 22.1٪.
 
هەرچەندە رێژەکە لە تورکیا دابەزیوە، بەڵام هێشتا لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەرزترە. تێکڕای رێژەی منداڵان لە یەکێتیی ئەوروپا 17.6٪ـە.
 
بەرزترین رێژە لە ئەوروپا: ئێرلەندا (22.7٪)، فەرەنسا و سوید (20.4٪).
 
نزمترین رێژە لە ئەوروپا: ماڵتا (14.5٪)، ئیتاڵیا (14.9٪) و پورتوگال (15.5٪).
 
یەکێک لە مەترسیدارترین لایەنەکانی ئامارەکەی (TÜİK)، پرسی هەژارییە. بەپێی داتاکان، 27.9٪ی کۆی دانیشتووانی تورکیا لەژێر مەترسیی هەژاریدان، بەڵام ئەم رێژەیە لەنێو منداڵاندا زۆر بەرزترە و گەیشتووەتە 36.8٪؛ واتە لە هەر 100 منداڵ لە تورکیا، نزیکەی 37 منداڵیان رووبەڕووی مەترسیی هەژاری دەبنەوە.
 
لە ساڵی 1970دا منداڵان نزیکەی نیوەی دانیشتووانی جیهانیان پێکدەهێنا (46.5٪)، بەڵام ئەم رێژەیە لە ساڵی 2025دا بۆ 24.8٪ دابەزیوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پیربوونی دانیشتووان لەسەر ئاستی جیهان و تورکیا بەتایبەتی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە