رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنی هێرشی سەر قوتابخانەکانی دوو پارێزگای باکووری کوردستاندا 249 بەکارهێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتی دەستگیرکران و 68یان خرانە زیندانەوە.
لێکۆڵینەوە و ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە هێرشی سەر قوتابخانەکانی باکووری کوردستان بەردەوامن و ئەمڕۆ 20-4-2026 بە بڕیاری دادوەر، 68 بەکارهێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتی زیندانی کران.
دوای لێپرسینەوە و بەگوێرەی بڕیاری دادوەر، 127 دەستگیرکراو بە مەرجی دادوەری ئازادکران. هەروەها پێنج کەس کە تەمەنیان بچووکە و لە چوارچێوەی رێکارەکانی یاسای پاراستنی منداڵ ئازادکران. 117 کەسیشیان ئازاد کران و رادەستی خێزانەکانیان کرانەوە، گەڕان و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی 95 کەسی دیکەش بەردەوامە.
لەو ئۆپەراسیۆنانەدا 249 گومانلێکراو بە گومانی جۆراوجۆر لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکران و هەزار و 104 هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتیش باندکران.
سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە بەردەوامیی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەمەڕ هێرشی سەر دوو قوتابخانەی پارێزگاکانی مەڕەش و رووهای باکووری کوردستان کردووە و دەڵێت: "پڕۆسەکە بەگوێرەی رێنمایی و هەستیارییەکانی بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەرامبەر بە سەلامەتیی منداڵانمان و ئارامیی گەلەکەمان، بە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکاندا بەڕێوەدەچێت."
لێکۆڵینەوە لەگەڵ 661 بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستیپێکردووە
لەبارەی ئەو هەژمارانەی سەرەڕای قەدەخەی بڵاوکردنەوە، دیمەنەکانی رووداوەکەیان بڵاوکردووەتەوە یان بە مەبەستی دروستکردنی ترس، دڵەڕاوکێ و شڵەژان لەنێو خەڵکدا پۆستیان کردووە و زانیاریی چەواشەکارییان بڵاوکردووەتەوە، یان هانی تاوانیان داوە، رێکاری یاسایی گیراوەتەبەر.
داواکاری گشتی لە 72 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان، لێکۆڵینەوەی بەرامبەر 661 خاوەن هەژمار دەستپێکردووە.
لەو ژمارەیە، 68 کەسیان زیندانیکراون، 127 کەسی دیکە بە بڕیاری چاودێریی دادوەری ئازادکراون و 5 کەسیش بەهۆی تەمەنیانەوە رێکاری یاسای پاراستنی منداڵیان لەسەر جێبەجێ کراوە و ئازادکراون.
هەروەها 117 کەس ئازاد کراون و رادەستی خێزانەکانیان کراونەتەوە، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی 95 کەسی دیکە بەردەوامە.
هاوکات 249 گومانلێکراو دەستبەسەرن و هەزار و 104 هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش باند کراون.
ژمارەیەکی زۆر بەکارهێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتیش بە تۆمەتی تێکدانی ئارامی و ئاسایش یانیش بەهۆی هەڕەشە بۆ سەر قوتابخانەکان دەستگیرکراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە.
پەرلەمانی تورکیا کاری جددی لەسەر هێرشی سەر قوتابخانەکان دەکات
بەگوێرەی کارنامەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا، رۆژی سێشەممە 21-4-2026 گفتوگۆی پەرلەمان لەبارەی هێرشکردنە سەر قوتابخانەکان دەبێت.
پەرلەمانتاران لەبارەی هێرشەکانی مەڕەش و رووها قسە دەکەن و بە رەزامەندیی هەموو فراکسیۆنەکان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکدەهێندرێت.
ماوەی کارکردنی لیژنەکە بە سێ مانگ دیاریکراوە. لە پەرلەمان گوێ لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و پسپۆڕان دەگیرێت.
یەکێکی دیکە لە کارنامەکانی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا، پرۆژەیاسای سنووردارکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە بۆ منداڵانی تەمەن 15 ساڵ و کەمتر. ئامانج لەم رێکخستنە پاراستنی منداڵانە لە ناوەڕۆکی زیانبەخش لە ئینتەرنێت. هەروەها بەپێی پرۆژەیاساکە، مۆڵەتی دایکایەتی بۆ 24 هەفتە درێژ دەکرێتەوە.
چی روویدابوو؟
رۆژی 14ی نیسان، کەسێکی لەدایکبووی ساڵی 2007 بە تفەنگی راو هێرشی کردە سەر قوتابخانەی ناوەندیی پیشەیی و تەکنیکیی ئەحمەد کۆیونجو لە شارۆچکەی سیڤەرەکی رووها. لە ئەنجامی هێرشەکەدا 10 قوتابی، چوار مامۆستا، پۆلیسێک و کرێکارێک بریندار بوون. هێرشکارەکە لە کاتی دەستوەردانی پۆلیسدا خۆی کوشت.
رۆژی 15ی نیسان، هێرشێکی چەکداری کرایە سەر قوتابخانەی ناوەندیی ئایسەر چاڵک لە شارۆچکەی 12ـی شوباتی مەڕەش. لە ئەنجامدا نۆ قوتابی و مامۆستایەک گیانیان لەدەستدا. لە کۆی 13 بریندار، شەشیان لەژێر چاودێریی چڕدان.
مانگێک پێشتریش لە ئیستەنبووڵ، قوتابییەک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر مامۆستاکەی بەناوی فاتمە نوور چەلیک و کوشتی.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە دوای هێرشەکان لە 16ی نیسان رایگەیاند، دوو پۆلیس لەبەردەم هەر قوتابخانەیەکدا دادەنرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ