زاواکەی ئەردۆغان یەکەمی باجدەرانی تورکیایە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی بۆردی کارگێڕیی کۆمپانیای بایکار، کە زاوای سەرۆککۆماری تورکیایە، بەهۆی داهاتی هەناردەی کۆمپانیاکەی، بووە گەورەترین باجدەری تورکیا بۆ ساڵی 2024. دوای ئەویش، هاڵوک بایراکتار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بایکار و مستەفا رەحمی کۆچ، سەرۆکی دامەزرێنەری کۆچ هۆڵدینگ دێن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی ئابی 2025، سەرۆکایەتیی فەرمانگەی گشتیی داهات (GİB) لە تورکیا، لیستی 100 گەورەترین باجدەری لەسەر ئاستی تورکیا بۆ ساڵی 2024 بڵاوکردەوە. سەلچوک بایراکتار، سەرۆکی بۆردی کارگێڕیی بایکار (خاوەن درۆنەکانی بایراکتار)، کە زاوای رەجەب تەیب ئەردۆغانە، دوو ملیار و 767 ملیۆن و 587 هەزار و 718 لیرەی تورکی (زیاتر لە 67 ملیۆن) باجی داوە و لە پلەی یەکەمی باجدەرانی وڵاتەکەی دێت.
 
 
هاڵوک بایراکتار (برای سەلچوک بایراکتار) بە دوو ملیار و 528 ملیۆن و 619 هەزار و 921 لیرە (نزیکەی 62 ملیۆن دۆلار) لە پلەی دووەم دێت، مستەفا رەحمی کۆچ بە 757 ملیۆن و 755 هەزار و 302 لیرە (نزیکەی 18 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار) لە پلەی سێیەمدا دێت. ئەرمان ئڵیجاک بە 372 ملیۆن و 720 هەزار و 505 لیرە (نزیکەی 9 ملیۆن و 110 هەزار دۆلار) لە پلەی دەیەم، محەممەد عومەر کۆچ بە 356 ملیۆن و 169 هەزار و 109 لیرە (نزیکەی 8 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار) لە پلەی دوازدەیەمدا دێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی فەرمانگەی گشتیی داهات، لە ساڵی 2024ـدا پێنج ملیۆن و 132 هەزار و 895 باجدەر بەیاننامەی باجی داهاتی ساڵانەیان پێشکێش کردووە، کە کۆی گشتیی ئەو داهاتەی باجی لەسەر بووە، یەک تریلیۆن و 407 ملیار لیرە (نزیکەی 34 ملیار و 385 ملیۆن دۆلار) بووە و لەو بڕەش 418 ملیار و 465 ملیۆن لیرە (نزیکەی 10 ملیار و 227 ملیۆن دۆلار) باجیان داوە.
 
لە لیستەکەدا کە ناوی 100 گەورەترین باجدەری تێدایە، تەنیا ناوی 21 کەس ئاشکرا کراوە و 79 کەسیان داوایان کردووە ناوەکانیان ئاشکرا نەکرێ. 
 
لە لیستی ئەو کۆمپانیایانەی زۆرترین باجیان داوە بۆ ساڵی 2024، گەرەنتی بانک بە پێدانی 25 ملیار و 296 ملیۆن و 492 هەزار لیرە (نزیکەی 618 ملیۆن دۆلار) پلەی یەکەمی گرتووە. لە پلەی دووەمدا، زیراعەت بانک بە 20 ملیار و 838 ملیۆن لیرە (نزیکەی 509 ملیۆن و 256 هەزار دۆلار) و کوەیت تورک بانکیش بە 12 ملیار و 71 ملیۆن لیرە (نزیکەی 295 ملیۆن دۆلار) لە پلەی سێیەمدا دێن.
 
ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر سێ پارێزگان کە زۆرترین باجدەر و داهاتی باجیان تێدا تۆمار کراوە. دابەشبوونی 100 گەورەترین باجدەر بەسەر پارێزگاکاندا بەم شێوەیەیە:
 
ئیستەنبووڵ: 75 کەس
 
ئەنقەرە: 10 کەس
 
ئیزمیر: 6 کەس
 
دیلۆک: 5 کەس
 
ئەسکیشەهیر: 2 کەس
 
بوڕسا: 1 کەس
 
کارابوک: 1 کەس
 
ئەمە سێیەم ساڵە لەسەر یەک پلەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی گەورەترین باجدەرانی تورکیا ناگۆڕدرێن. لە ساڵی 2023ـشدا سەلچوک بایرەکتار بە 1.95 ملیار لیرە یەکەم، هاڵوک بایرەکتار بە 1.68 ملیار لیرە دووەم و مستەفا رەحمی کۆچ بە 480 ملیۆن لیرە سێیەم بوون.