رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کۆبوونەوەی "ئاشتی و ئاسایش" لە ئامەدی باکووری کوردستان، تیشکی خستە سەر پرۆسەی چارەسەری و جەختی لە برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە 20-10-2025 لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە هۆتێلێکی ئامەد بەڕێوەچوو گوتارێکی پێشکەش کرد و ئامەدی بە "لانکەی شارستانییەت و شاری عیرفان" ناوبرد.
یەرلیکایا گوتی: "ئەم کۆبوونەوانە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو هەنگاوانەیە، کە بۆ بەجێهێشتنی سبەینێیەکی ئارام بۆ منداڵەکانمان دەیهاوێژین و جارێکی دیکە دووپاتکردنەوەی سووربوونمانە."
وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئاماژەی بە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا کرد، کە ئەوان بە 'تورکیای بێ تیرۆر' ناوی دەبەن و گوتی: "ئامانجی سەدەی تورکیا؛ تورکیایەکی گەورە و بەهێز. تەواوکەری ئەو رێگایەی بەرەو ئەم ئامانجە دەڕوات، بریتییە لە 'تورکیایەکی بێ تیرۆر'. لە ژێر سەرکردایەتیی بەڕێز سەرۆککۆمارماندا، پرۆسەیەکی مێژوویی و نیشتمانیی وەکو 'تورکیایەکی بێ تیرۆر' لەژێر چەتری پەرلەمانی تورکیا، لەگەڵ پارتە سیاسییەکانمان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گەلە خۆشەویستەکەمان بەڕێوەدەبەین".
یەرلیکایە گوتیشی: "تورکیای بێ تیرۆر، وڵاتێکە کە تورک و کورد و هەموو باوەڕەکان بە برایەتی تێیدا دەژین. لەم چوارچێوەیەدا تورکیای بێ تیرۆر تەنیا پڕۆژەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکو پڕۆژەی گەورەکردنی ئارامی، ئاسایش و برایەتیی ئێمەیە."
عەلی یەرلیکایا ئاماژەی بەوەدا، هەندێک لایەن دژی پرۆسەی چارەسەرین و گوتی: "پێویستە هەمووان ئاگاداری زمان، گوتار، هەڵوێست و رەفتارەکانیان بن. بەڵام دەبینین؛ لە کاتێکدا بەرەو ئامانجێکی وا گەورە هەنگاو دەنێین، ئەکتەرانێکیش دێنە سەر شانۆ، کە هەوڵی لادانی ئەم پرۆسەیە و تێکدانی دەدەن."
هۆشداری دایە ئەو لایەنانەی بە گوتەی ئەو هەوڵی تێکدانی پرۆسەی چارەسەری دەدەن و گوتی: "هێرشکردنە سەر تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتەکەمان، بەها هاوبەشەکانی گەلەکەمان، مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرێنەری کۆمارەکەمان و هەموو پاڵەوانانی تێکۆشانی سەربەخۆیمان، سیاسەت نییە؛ بەڵکو هەوڵێکی تێکدرانەیە."
ئێوارەی رۆژی شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025 رێپیوانێک لەلایەن ئەنجوومەنی گەنجانی دەم پارتی لە ناوەندی شاری ئامەد بۆ ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رێکخرا و لەنێوان پۆلیس و خۆپێشاندەراندا ئاڵۆزی دروستبوو، یەرلیکایا لەو بارەیەوە گوتی: "کەس، نە بە شەو و نە بە رۆژ؛ کەس جورئەتی ئەوە ناکات بەو شێوەیە سووکایەتی بکات و بە پۆلیسەکانمان بڵێت "دوژمن"، کە بۆ یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەمان و بۆ ئارامی و ئاسایش، گیانی خۆیان فیدا دەکەن. رێگە بەوە نادەین! ئەو گوتارە شەرمەزار دەکەم."
یەرلیکایا لە گوتارەکەیدا جەختی لە برایەتیی کورد و تورک کردەوە و گوتی: "بە پشتیوانیی خودا، تاوەکو ئەم ئیرادەیە هەبێت و ئەم برایەتییە بەرز بێتەوە، هیچ هێزێک ناتوانێت لەبەردەم گەلەکەماندا بوەستێتەوە و ناوەستێتەوە. با کەس گومانی لەوە نەبێت کە ئەم رێگایەی هەزار ساڵە پێکەوە دەیبڕین، تاوەکو هەتایە پێکەوە دەمێنینەوە. چونکە ئێمە بە تورک و کوردەوە یەکین، پێکەوەین و ئێمە پێکەوە تورکیاین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ