رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێکی تایبەت بە هێرشی سەر قوتابخانەکانی رووها و مەرەشی باکووری کوردستان پێکهێنا. ئەرکی ئەو کۆمیسیۆنە بەدواداچوونە بۆ هۆکار و پاڵنەرەکانی پشت قوتابیان و هێرشکردنە سەر قوتابخانەکان.
دوای ئەو دوو هێرشەی لە کەمتر لە 24 کاژێر بۆ سەر دوو قوتابخانە لە پارێزگاکانی رووها و مەرەشی باکووری کوردستان روویاندا کە کوژران و برینداری لێکەوتەوە، رۆژی سێشەممە 21-4-2026 پەرلەمانی تورکیا بڕیاری پێکهێنانی کۆمیسیۆنیکی لەو بارەیەوە دەکرد.
پێشنیازەیاسای پێکهێنانی ئەو کۆمیسیۆنە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشی سەر دوو قوتابخانەکەی مەرەش و رووها، بە کۆدەنگیی تەواوی پارتەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا.
ئەو کۆمیسیۆنە لە 22 ئەندام پێکدێ و ماوەی ئەرکەکەشی بە سێ مانگ دیاری کراوە.
کۆمیسیۆنەکە جگە لە لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی هێرشە چەکدارییەکان، لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و مەترسیی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان دەکات کە منداڵان بەرەو تووندوتیژی دەبەن.
ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە ئەگەر پێویست بکات، دەتوانن بڕۆنە ئەو دوو پارێزگایە و بە شێوەی مەیدانی لێکۆڵینەوە بکەن.
بەگوێرەی پلان، ئەو کۆمیسیۆنە دوای سێ مانگ لە کارکردن، راپۆرتێکی بەرفراوان دەداتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
رۆژی 15-4-2026 لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان، قوتابییەکی پۆلی هەشتەم بە ناوی عیسا ئاراس مێرسینلی، هێرشی کردە سەر قوتابخانەی ناوەندیی ئایسەل چالک کە خۆی لەوێ قوتابی بوو و لە ئەنجامدا 9 قوتابی و مامۆستایەکی کوشت، هەروەها 13 کەسی دیکەشی بریندار کرد.
هەروەها رۆژی 14-4-2026 لە ناوچەی سوێرەگی سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، قوتابییەکی تەمەن 19 ساڵ بە تفەنگ هێرشی کردە سەر قوتابخانەی پیشەیی و تەکنیکیی ئەحمەد کۆیونجو و لە ئەنجامدا 10 قوتابی، 4 مامۆستا، پۆلیسێک و کارمەندێکی فرۆشگەی قوتابخانەکە بریندار بوون.
قوتابییە هێرشکارەکەش بە هەمان تفەنگ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ