رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی "توێژینەوەی چاوەڕوانی و ئاراستەکانی گەنجان 2025"، ئەو گەنجانەی هەوڵدەدەن هەفتانە بە هەزار لیرە (24 دۆلار) بژین، دڵتەنگن و نیگەرانی داهاتوون. هیوای دۆزینەوەی کار لەنێو گەنجاندا کەمبووەتەوە و ژمارەی ئەو گەنجانەی لەگەڵ خێزانەکانیان دەژین، روو لە زیادبوونە.
توێژینەوەی چاوەڕوانی و ئاراستەکانی گەنجان 2025 کە لەلایەن کۆمپانیای توێژینەوەی Youthallـەوە ئامادەکراوە، کاریگەرییەکانی قەیرانی ئابووری و بێ کاری لەسەر ژیانی گەنجان لە تورکیا دەخاتەڕوو.
ژمارەی ئەو گەنجانەی لەگەڵ خێزانەکانیان دەژین زیاددەکات
بەگوێرەی توێژینەوەکە، رێژەی ئەو گەنجانەی لەگەڵ خێزانەکانیان دەژین لە ساڵی 2024ـدا 40.5% بووە، بەڵام ئەم ساڵ بۆ 44.2% بەرزبووەتەوە. بۆ دەرچووانی زانکۆکان، وێنەکە زۆر جیاوازە. پار رێژەکە 69.7% بوو، بەڵام ئەم ساڵ بۆ 76.7% بەرزبووەتەوە.
لە پێنج گەنج یەکێکیان هەوڵدەدات هەفتانە بە 24 دۆلار بژی
توێژینەوەکە دەریدەخات زۆرینەی گەنجان بەبێ پشتیوانیی خێزانەکانیان ناتوانن بژین. 66%ـی گەنجان دەڵێن بەردەوام هاوکاریی دارایی لە خێزانەکانیان وەردەگرن، لەنێو هەر 5 گەنجێک یەکێکیان ناچارە هەفتانە بە 1000 لیرە (24 دۆلار) و کەمتریش بژی. بە گشتی، گەنجان زۆربەی کات بە بودجەیەکی مانگانەی نێوان 4 بۆ 8 هەزار لیرە ژیانیان بەڕێدەکەن.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، دۆخی دەرچووانی زانکۆکان خراپتر بووە. 50.8%ـی ئەو دەرچووانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن، هەوڵدەدەن بە داهاتێکی مانگانەی 4 هەزار لیرە (96 دۆلار) و کەمتر بژین. رێژەی ئەو کەسانەی دەتوانن خانوو بە کرێ بگرن، لەنێو خوێندکاراندا 11.1% و لەنێو دەرچوواندا 11.8%ـە.
خوێندکاران دڵتەنگ و نیگەرانن
لەکاتێکدا 37.9%ـی گەنجان ئاماژەیان بەوە کردووە گرنگی بە رووداوەکانی جیهان دەدەن و 33.9%یان گرنگی بە بابەتی وەک ژیریی دەستکرد دەدەن، بەڵام دوای دەرچوون ئەم ئاراستەیە بە رێژەی 38.4% بەرەو ئابووری دەگۆڕێت. 42.6%ـی خوێندکاران خۆیان وەک کەسێکی دڵخۆش پێناسە دەکەن، بەڵام لەنێو دەرچوواندا ئەم رێژەیە بۆ 25.8% دادەبەزێت. رێژەی کەسانی دڵتەنگ لەنێو خوێندکاراندا 11.1%ـە، لەکاتێکدا لەنێو دەرچوواندا 28.3%ـە. 49.1%ـی دەرچووان دەڵێن نیگەرانی داهاتوون، لەنێو خوێندکارانیشدا ئەم رێژەیە 42.9%ـە.
هیوای دۆزینەوەی کار کەم دەبێتەوە
نائارامیی ئابووری، ساڵ بە ساڵ هیوای گەنجان بۆ دۆزینەوەی کار کەم دەکاتەوە. پار رێژەی ئەو خوێندکارانەی پێیانوابوو دەتوانن کار بدۆزنەوە 61.5% بوو، بەڵام ئەم رێژەیە ئەمساڵ بۆ 41.8% دابەزیوە. لەنێو هەر 3 دەرچوویەک، یەکێکیان ترسی لەدەستدانی کاری هەیە و هۆکاری سەرەکیی ئەمەش بە رێژەی 55% بۆ نادڵنیایی و ناجێگیریی ئابووری دەگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ