لە لێکۆڵینەوەی جان هۆڵدینگدا 11 کەسی دیکە خرانە زیندانەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کوچوک چەکمەجە، بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ 35 کەس دەرکرابوو کە پەیوەندییان بە جان هۆڵدینگەوە هەیە و لەو ژمارەیە 11 کەسیان بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
لە ئیستەنبووڵ، لێکۆڵینەوەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کوچوک چەکمەجە بەردەوامە کە بە تۆمەتی "دامەزراندنی رێکخراوی تاوانکاری"، "قاچاخچێتی"، "ساختەکاری" و "سپیکردنەوەی پارە" دژی جان هۆڵدینگ دەستی پێکراوە.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە چوار پارێزگا 25 کەس دەستبەسەرکران کە لەنێویاندا سەرمایەدار عەرەفات بینگۆل، سەرۆکی پێشووی زانکۆی بیلگی هەبوو.
دەستبەسەرکراوەکان رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2025 برانە دادگە و 11 کەسیان بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوی تاوانکاری و سپیکردنەوەی ئەو سامانەی لە تاوانەوە بەدەستهاتووە" خرانە زیندانەوە.
14 کەسەکەی دیکە بە مەرجی چاودێریی دادوەری ئازادکران. پێشتریش بە هەمان تۆمەت، پێنج کەس بە بڕیاری دادگە دەستگیرکرابوون کە لەنێویاندا کەمال جان، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی جان هۆڵدینگ هەبوو.
کەمال جان رۆژی 28ـی ئەیلوولی 2025 دەستبەسەرکرا و بە بڕیاری دادگە خرایە زیندانەوە.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کوچوک چەکمەجە لە ئیستەنبووڵ دەستیپێکردووە، لە 11ـی ئەیلوولی 2025 ـدا دەست بەسەر 121 کۆمپانیای سەر بە کۆمپانیای جان هۆڵدینگدا گیرا کە هابەرتورک و شۆ تیڤی تێدایە.
زانیارییەکانی نێو بەڵگەنامەکانی داواکاری گشتی ئاماژە بەوە دەدەن، دۆسیەی لێکۆڵینەوە دژی جان هۆڵدینگ لە ساڵی 2022 کراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیاریی ماڵپەڕەکانی هۆڵدینگەکە، جان هۆڵدینگ لە رێگەی دەستپێشخەرییە بازرگانییەکانی زەمانهان جان، لەدایکبووی شارۆچکەی بازید سەر بە پارێزگای ئاگری باکووری کوردستان دامەزراوە.
زەمانهان جان، لە ساڵی 1972ـدا بە دامەزراندنی کۆمپانیای بازرگانی بە ناوی خۆیەوە دەستی بە کاری بازرگانی کرد و لە ساڵی 1986 کۆمپانیاکانی لە ژێر چەتری جان هۆڵدینگدا کۆکردووەتەوە.
بارەگای سەرەکی ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی 1990 ـدا گوێزرایەوە بۆ ئیستەنبووڵ.
کۆمپانیای جان هۆڵدینگ لە چەندین کەرتدا کاردەکات، لەوانە پەروەردە، وزە، ئامێرە ناوماڵە بەهێزەکان، تەکنەلۆژیا، بەندەر، چاودێری تەندروستی و میدیا.
هەروەها دامەزراوە پەروەردەییەکانی وەک زانکۆی بیلگی و کۆلێژەکانی دۆغا لە کۆمپانیاکانی نێو گرووپەکەن.
هەموو پشکەکانی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی وەک هابەرتورک تیڤی، شۆ تیڤی، بلومبێرگ ئێچ تی، ئێچ تی سپۆر کە بەشێک بوون لە کۆمپانیای جینەر هۆڵدینگ، لە مانگی نیساندا گوێزراونەتەوە بۆ جان هۆڵدینگ.
زۆربەی ئەو 121 کۆمپانیایە کە دەستیان بەسەردا گیراوە، کۆمپانیاکانی وزە و سووتەمەنین.