کەجەکە: لەکەدارکردنی بزووتنەوەکەمان بە تیرۆر قبووڵ ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رەخنەی تووند لە راپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا دەگرێت و دەڵێت، باسنەکردنی پرسی کورد لە راپۆرتەکەدا درێژکراوەی "نکۆڵیکردنی 100 ساڵەیە و لەکەدارکردنی بزووتنەوەکەمان بە تیرۆریزم قبووڵ ناکەین."
هاوسەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی کەجەکە، رۆژی یەکشەممە، 22ـی شوباتی 2026، هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو راپۆرتە خستەڕوو کە لەلایەن کۆمیسیۆنی "یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا پەسند کرابوو. کەجەکە دەڵێت: "ئەستەمە کێشەیەک چارەسەر بکرێت بەبێ ئەوەی ناوی بهێندرێت."
کەجەکە پێیوایە هەرچەندە بەرپرسانی تورکیا دەڵێن وازیان لە نکۆڵیکردنی کورد هێناوە، بەڵام نێوەڕۆکی راپۆرتەکە پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەڕووی یاسایی و سیاسییەوە هەوڵ دەدرێت ئەم نکۆڵیکردنە بەردەوام بێت، هەر لەبەر ئەمەیە لە راپۆرتەکەدا باسی بوونی کورد و کێشەکەی نەکراوە؛ بۆیە باسی برایەتیی کورد و تورک لەو چوارچێوەیەدا هیچ بەهایەکی سیاسی و یاسایی نییە."
کەجەکە دەپرسێت: "لە راپۆرتەکەدا چەندین جار باسی بەدیموکراسیکردن کراوە، بەڵام ئایا بەدیموکراسیکردنی بێ کورد دەبێت؟ لۆژیکی راپۆرتەکە ئەمە دەردەخات."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، کەجەکە وەڵامی پێناسەکردنی بزووتنەوەکەیانی بە "تیرۆر" داوەتەوە و رایگەیاندووە: "تێکۆشانەکەمان یەکێکە لە پاکترین و شکۆمەندترین تێکۆشانەکانی ئازادی لە مێژوودا. هەرچەندە لەلایەن هەندێک توخم لە نێو ئێمەدا چەند رووداوێک کرابن کە رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەکەمان قبووڵیان نەکردبێت، بەڵام ئێمە پێناسەکردنی بزووتنەوەکەمان بە تیرۆر بە تەواوی رەت دەکەینەوە."
کەجەکە ئاماژە بەوە دەکات بەکارهێنانی چەمکی "تیرۆر" لە راپۆرتەکەدا بە مەبەستی شاردنەوەی هۆکارە سەرەکییەکانی کێشەی کوردە کە ئەویش "دانپێدانەنانە بە مافە بنەڕەتییەکانی ئەو گەلە."
ئەم کاردانەوەیەی کەجەکە دوای ئەوە دێت، رۆژی چوارشەممە 18ـی شوباتی 2026، کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی و برایەتی بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، راپۆرتێکی هاوبەشی بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرد، کە تێیدا پەرلەمانتارانی دەم پارتیش بەشدار بوون.