بە واژۆی ئەردۆغان، مۆڵەتی کارکردنی زانکۆیەکی ئیستەنبووڵ هەڵوەشێندرایەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مۆڵەتی کارکردنی زانکۆی بیلگیی ئیستەنبووڵ هەڵوەشێندرایەوە، کە بەهۆی لێکۆڵینەوە لەبارەی "جان هۆڵدینگ"ـەوە، قەییومی بۆ دانرابوو.
 
بەپێی ئەو بڕیارەی ئەمرۆ هەینی 22 ـی ئایاری 2026 بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە رۆژنامەی فەرمی ئەو وڵاتەدا بڵاوکراوەتەوە، زانکۆکە بە فەرمی داخراوە. 
 
زانکۆی بیلگی تائێستا هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی بڕیارەکەوە نەداوە.
 
ئەرۆل ئۆزڤار، سەرۆکی دەستەی خوێندنی باڵای تورکیا پێشتر رایگەیاندبوو، دوای دانانی قەییوم، پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکە بەبێ پچڕان بەردەوام دەبێت.
 
چارەنووسی خوێندکارەکانی زانکۆکە؟
 
دەستەی خوێندنی باڵا رێنوێنی تایبەت بە زانکۆ حکومییە گەرەنتیکارەکانی هەیە، بۆ گواستنەوەی خوێندکارانی ئەو زانکۆ ئەهلیانەی دادەخرێن. ئەگەر زانکۆ گەرەنتیکارەکە توانای وەرگرتنی سەرجەم خوێندکارەکانی نەبێت، ئەو خوێندکارانەی ماونەتەوە دەگوازرێنەوە بۆ زانکۆیەکی دیکەی حکومی.
 
زانکۆی بیلگی ـی ئیستەنبووڵ پێشتر رایگەیاندبوو، لە ساڵی 2021ـدا زانکۆی میعمار سینان بۆ هونەرە جوانەکان وەک زانکۆی گەرەنتیکاری زانکۆکە دیاریکراوە.
 
زانکۆی بیلگی ـی ئیستەنبووڵ لە حەوتی حوزەیرانی 1996 دامەزرا، لە ساڵی 2019ـدا، جان هۆڵدینگ زانکۆکەی کڕییەوە.
 
زانکۆکە رایگەیاندووە کە ئەمڕۆ زیاتر لە 20 هەزار خوێندکار و زیاتر لە 70 هەزار دەرچووی هەیە.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی زانکۆی بیلگی، زانکۆکە زیاتر لە 150 پرۆگرامی خوێندنی پێشکێش دەکرد، کە بریتی بوون لە خوێندنی بەکالۆریۆس، خوێندنی باڵا و خوێندنی پیشەیی لە هەشت کۆلێژ، سێ پەیمانگە و سێ قوتابخانەی پیشەییدا.
 
چی روویدابوو؟
 
ئۆپەراسیۆن دژی جان هۆڵدینگ لە 11ـ ئەیلوولی 2025 لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کچوک چەکمەجەی ئیستەنبووڵ، بە تۆمەتی "دامەزراندنی رێکخراوی تاوانکاری"، "قاچاخچێتی"، "ساختەکاری" و "سپیکردنەوەی پارە" دەستیپێکرد. 
 
بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 10 کەس دەرچوو، لەنێویاندا محەممەد شاکر جان، کەمال جان و کەنعان تەکداغ بەڕێوەبەرانی جان هۆڵدینگ. 
 
کەنعان تەکداغ، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان، دواتر بە مەرجی چاودێریی دادی ئازاد کرا.
 
تەکداغ، تۆمەتەکانی رەتکردەوە و گوتی، "ئێمە ژیانی خۆمان لەسەر شەرەف و کەرامەت و دادپەروەری بنیادناوە."
 
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر 121 کۆمپانیا و دامەزراوەی سەر بە جان هۆڵدینگدا گیرا، لەنێویاندا خەبەرتورک، شۆ تیڤی، بلومبێرگ ئێچ تی، کۆلێژەکانی دۆغا و زانکۆی بیلگی.
 
ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای راپۆرتەکانی دەستەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە داراییەکان و فایلە لێکۆڵینەوەکانی یەکەکانی وردبینی دارایی کرا. 
 
جان هۆڵدینگ 

 

بەگوێرەی زانیاریی ماڵپەڕەکانی هۆڵدینگەکە، جان هۆڵدینگ لە رێگەی دەستپێشخەرییە بازرگانییەکانی زەمانهان جان، لەدایکبووی شارۆچکەی بازید سەر بە پارێزگای ئاگری باکووری کوردستان دامەزراوە.
 
زەمانهان جان، لە ساڵی 1972ـدا بە دامەزراندنی کۆمپانیای بازرگانی بە ناوی خۆیەوە دەستی بە کاری بازرگانی کرد و لە ساڵی 1986 کۆمپانیاکانی لە ژێر چەتری جان هۆڵدینگدا کۆکردووەتەوە. 
 
بارەگای سەرەکی ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی 1990 ـدا گویزراوەتەوە بۆ ئیستەنبووڵ.
 
کۆمپانیای جان هۆڵدینگ لە چەندین کەرتدا کاردەکات، لەوانە پەروەردە، وزە، ئامێرە ناوماڵە بەهێزەکان، تەکنەلۆژیا، لۆجستی، بەندەر، چاودێری تەندروستی و میدیا.
 
هەروەها دامەزراوە پەروەردەییەکانی وەک زانکۆی بیلگی و کۆلێژەکانی دۆغا لە کۆمپانیاکانی ناو گرووپەکەدان. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە