رووداو دیجیتاڵ
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، دژی بڕیاری دادگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەکانی، هەنگاوێکی نوێی نا و سکاڵای گەیاندە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا.
دوای ئەوەی فەرمانگەی 36ـەمی یاسایی دادگەی دادوەریی هەرێمیی ئەنقەرە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەردوو کۆنگرەی دوایی جەهەپەی دا، بەڕێوەبەرایەتیی ئێستای پارتەکە بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل دژی بڕیارەکە وەستایەوە. جەهەپە بە فەرمی تانەی خۆی پێشکێشی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا کرد.
بەڕێوەبەرایەتیی جەهەپە، لە داواکارییەکەیدا داوای کردووە، بڕیاری رادەستکردنەوەی ئەرکەکانی ئۆزگور ئۆزەل و بەڕێوەبەرایەتیی ئێستا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پێش کۆنگرە (کەمال کڵچدارئۆغڵو) رابگیرێت.
جەهەپە بانگەشەی ئەوە دەکات، بڕیاری دادگە دژی رێنماییەکانی هەڵبژاردنە و دەسەڵاتی دادوەری ناتوانێت جێگەی ئیرادەی ئەندامانی کۆنگرە بگرێتەوە.
لەسەر ئەم داواکارییە چارەنووسسازە، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، کاژێر 11:00ـی ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئایاری 2026 کۆبووەوە. بڕیارە دەستەکە لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیارێک بدات کە ئایا بڕیاری دادگە بۆ "هەڵوەشاندنەوەی رەها" جێبەجێ دەکرێت یان نا. ئەم بڕیارە دیاری دەکات کە کلیلی بارەگای گشتیی جەهەپە لە دەستی کێدا دەمێنێتەوە. ئۆزگور ئۆزەل یان کەمال کڵچدارئۆغڵو.
لە کاتێکدا چاوی هەموو لایەنەکان لەسەر بڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە داوای لە کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی پێشووی جەهەپە کردبوو، بۆ داهاتووی جەهەپە و ئارامیی دۆخەکە، واز لە مافی سەرۆکایەتی بهێنێت، کە دادگە بە فەرمی پێی داوە، تاوەکو قەیرانی نێوخۆی پارتەکە قووڵتر نەبێتەوە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 21ـی ئایار، فەرمانگەی 36ـەمین دادگەی هەرێمی لە ئەنقەرە، 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە "پووچەڵ و بێکاریگەر" هەژمارکرد. بەمەش هەڵوەشاندنەوەی رەهای بۆ تەواوی کۆنگرەکە دەرکرد، بریارەکە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیای خستە نێو قەیرانێکی قووڵی یاساییەوە.
بەپێی بڕیارەکە، ئۆزگور ئۆزەل و دەستەی بەڕێوەبردنی حیزبەکە لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار و ئەنجوومەنی دیسپلین بە شێوەیەکی کاتی لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە و بڕیاردرا کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆک و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پێشوو پۆستەکانیان وەربگرنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ